کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیان مامۆستای کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

18:47 - 26 جۆزەردان 2722

کۆبوونەوەی مامۆستایان لە شارەکانی ئێران و کوردستان لە دوای بانگەوازی شورای هاوئاهەنگیی پیشەیی مامۆستایان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان سەرەڕای کەشێکی ئەمنییەتی و دەسبەسەرکردنی دەیان مامۆستا، بەڕێوە چوو.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆییەکی زۆر لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەمجارەی مامۆستایان لە شارەکانی "مەریوان، سنە، سەقز، کرماشان، کامێران، بۆکان، هەمەدان، تاران، شەهری کورد، خۆڕەم ئاوا و بیجاڕ" و دەیان شاری دیکە بڵاو بووەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان هێرش دەکەنە سەر مامۆستایانی ناڕازی و نزیکەی ٥٠ کەس دەسبەسەر کراون.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، هەتا ئێستا ٣٢ کەس لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک پێداگرییان لەسەر مافە ڕەوا سێنفییەکانی فەرهەنگییان کردووەتەوە و خوازیاری ئازادکردنی مامۆستایانی دەسبەسەرکراو بوون.

مامۆستایان بە شێوەی گشتی لەسەر دۆخی نالەباری بژێویی ژیان، بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندی و پشتگوێخستنی یاسای وێکچوونی مووچەی مامۆستایانی خانەنشینکراو و هەروەها ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو ناڕەزایەتییان هەیە و لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو دەیان جار مانیان گرتووە و ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

هەتا ئێستا سەبارەت بە داخوازیی مامۆستایان لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ هەنگاوێک هەڵنەگیراوە و تەنیا سەرکوت کراون.