کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیان هێکتار لە دارستانەکانی سەردەشت و مریوان لە ئاگردا سووتان

13:52 - 8 جۆزەردان 2721

لە درێژەی ئاگرکەوتنەوەکانی کوردستان، دەیان هێکتار لە دارستان و لەوڕگەکانی سەردەشت و مەریوان ئاگریان تێبەردرا.

ڕۆژی هەینی ٧ی جۆزەردان، دارستانەکانی نێوان "کۆڵسه و زێرە مێرگ" سەر بە شاری سەردەشت ئاگری تێبەردرا.

چالاکێکی ژینگەیی وتوویەتی: "ئەم ئاگرکەوتنەوەیە هەتا کاتژمێر ٧ی بەیانیی ڕۆژی شەممە ٨ی جۆزەردان بەردەوام بوو و لە کۆتاییدا ئەم ئاگرە بە هەوڵی چالاکانی ژینگەیی ئەنجومەنی بژوین چیای سەردەشت پێشی پێ گیرا و ئاگرەکە کوژایەوە".

هاوکات دەیان هێکتار لە دارستانەکانی ''مووسک، لێو و مڕانە'' سەر بە شاری مەریوان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە سووتان.

ئەو ئاگرکەوتنەوانە چەندین ساڵە بە شێوەی ئاشکرا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکردووە و ساڵانه بەهۆی سووتانی دارستان و لەوڕگەی ناوچەکانی کوردستان بەشێکی زۆر لە شوێنی حەوانەوەی گیانلەباران و ئێکۆسیستمی ناوچەکە لەنێو دەچێت.

هاووڵاتییانی کوردستان باس لەوە دەکەن کە ئەو ئاگرکەوتنەوانە دەستکردن و بەشێکی زۆریان لەلایەن ئەندامانی سپای پاسدارانەوە بۆ تێکدانی ژینگە و سروشتی کوردستان ئەنجام دەدرێت.