کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیان کەس لە شارۆمەندانی بەلووچ، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کران

12:58 - 13 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران، دەیان کەس لە شارۆمەندانی بەلووچی خەڵکی "جالقـ"ـی دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاری ڕاگواستوون.

کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەم بارەوە ڕایگەیاند: "ڕێکەوتی ٩ و ١٠ی بانەمەڕ، ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران، دەیان شارۆمەندی بەلووچی کە لە ماڵەکانی خۆیاندا خەوتبوون، دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاری ڕاگواستوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە وتوویەتی: "تۆمەتی ئەم دەسبەسەرکراوانە هێشتا ڕوون نییە، بەڵام ئەگەری هەیە بە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی پێنج مانگی پێشی "جالقـ"ـییەکان بێت، کە دژ بە "مین چاندنـ"‌ـەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بەڕێوە چووبوو.

ئەم سەرچاوە هەروەها وتوویەتی: "٩ی بانەمەڕ، زیاتر لە ٣٠ کەس لە ماڵەکانی خۆیاندا بەبێ ڕوونکردنەوە و دیاریکردنی تۆمەتەکانیان و بەبێ حوکمی دەسبەسەرکردن، دەسبەسەر کراون و هەروەها ١٠ و ١١ی بانەمەڕ، ڕێژەیەکی دیکە لە شارۆمەندانی "جالق" لە شوێنی کارەکانیان و لە شەقامدا دەسبەسەر کراون، کە ئەم ڕێژەیە تا ئێستا گەیشتووەتە ٥٠ کەس".

ڕاپۆرتەکان هەروەها باس لەوە دەکەن، کە ڕێژەیەکی نادیار و بێناوونیشانی دیکە لە لایەن ستادی خەبەریی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراون.

هەتا ئێستا ناوی ٢٣ کەس لە دەسبەسەرکراوەکان ڕادەستی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ کراوە، کە لەم نێوانەدا ناوی شارەوانی "جالق" و ئەندامێکی شۆرای ئەو شارە دەبینرێت.