کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپورت/ ٦٨ەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران +وتووێژ

13:52 - 24 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: ٢٤ رەشەمەی ١٣٩٢ی ئەمساڵ، ٦٨ساڵ لە خەبات و تێکۆشانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا تێپەر دەبێت.

٢٤ی رەشەمە، دەستپێکی وەرزێکی نوێ‌ لە خەباتی ژنانی کوردستان دامەزراندنی یەکیەتیی ژنان، یەکێک لە خاڵە زێڕینەکانی کارنامەی کاریی کۆماری کوردستانە کە نە تەنیا ژنانی کورد، بەڵکوو سەرجەم کۆمەڵگای کوردستان شانازيی پێوە دەکەن. گرینگيی دامەزراندنی یەکیەتيی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوە دایە کە لەو سەردەمەدا، نە تەنیا رادەی ژنانی شارەزا لە بواری سیاسەت کە بتوانن لە گۆڕەپانی خەباتدا رۆڵ بگێرن زۆر کەم بوو، بەڵکوو کۆمەڵگای کوردستان و بە تایبەت ژنان لە ژێر پەنجەی نەخوێندەواری و داب و نەریتی کۆنی پیاوسالارانە‎دا، کە بەرهەمی کردارە نامرۆیی‌یەکانی حکوومەتە دەسەڵاتدارەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بوو، توانایان بۆ هیچ چەشنە گۆڕانکارییەک لە بارودۆخی ژیانیاندا نەبوو. لە دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان، ژنانی کورد بە دڵگەرمی و پشتیوانيی دامەزرێنەکانی کۆماری کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە بنەماڵەی پێشەوا قازی محەممەد، وەک هاوسەری بەوەفا و کچەکانی کەلە دامەزرانی ئەو رێکخراوەیە بەشدار بوون، بۆ یەکەم‎ جار لەگەڵ چالاکیی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئاشنا بوون و دوای ماوەیەک چالاکی لەم رێکخراوەیە هەستیان بە گرینگیی خوێندەواری، فێرکاری لە بوارە جۆراوجۆرەکان، بردنە سەری ئاستی ئاگایی سیاسی و ناسینی مافە مرۆییەکانیاندا کرد و یەکەم هەنگاوەکانیان بەرەو گۆڕەپانی سیاسەت هەڵێنا.

8096.jpg

لە داب و نەریتەکانی ئەو سەردەمەدا، جێگەی ژن نێو ماڵ و ئەرکی سەرەکیی پشتیوانی لە تاکەکانی بنەماڵە و خزمەت کردن بەوان بوو، دەتوانین بڵێن دامەزراندنی ئەم رێکخراوەیە تێکشکاندنی تابۆیەکی چەندین و چەند ساڵە بوو، بۆیە ئەگەری دروستبوونی هەر چەشنە دژایەتی و بەربەرەکانێ‌یەک لەبەرامبەر ئەم گۆڕانکارییە لەلایەن دامەزرێنەرانی ئەم رێکخراوەیەوە چاوەڕوان دەکرا، بۆیە وەک چارەسەرییەک و کەمتر کردنی ئەم کێشانە، شەهید قازی محەممەد هاوسەر و کچەکانی خۆی هان دا کەلەم رێکخراوەیەدا چالاکی بنوێنن و بە هۆی کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و ئایینی و هەروەها رێز و خۆشەویستیی تایبەتی قازی محەممەد لە لای خەڵک، بەرە بە‎رە متمانە لە نێوان پیاوان و ئەم رێکخراوەیەدا دروست بێت و رێگا بۆ بەشداربوونی ژنان لە کاروباری رێکخراوەیی ئاسان‌تر بێت. هەر بۆیە دامەزرێنەرانی کۆمار بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی ئەو کات، هەوڵیان دا کە:

١ــ هەر لە نێو ماڵەوە چاکسازی بۆ ژیانی ژنان دەست پێ‌بکەن

٢ــ رێکخراوێک بۆ داکۆکی لە مافەکان و بەرژەوەندییەکانی ژنان دامەزرێنن

٣ــ ئەمنیيەت بۆ ژنان و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی دابین بکرێت
ئەمە رێگە خۆشکەرێک بوو بۆ دروستبوونی بناغەی بزووتنەوەی ژنان لە کوردستانی ئێران کە هەتا ئێستاش هەر درێژەی هەیە و بەردەوامە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی خەبات و تێکوشانیان لە ساڵی ١٣٨٥ یەکەم کۆنگرە و ١٣٩٠ دووەم کونگرەی خۆیان بست.
ماڵپەڕی کوردستان میدیا بۆ زیاتر تاوتوێ کردنی چالاکییە‌کانی پێوەندیدار بە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو یەکیەتییە وتووێژی پێک هێناوە که دەقەکەیان بەم چەشنەیە:
8083.jpgرووناک فەتحی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان


کوردستان میدیا: ٢٤ رەشەمه وەکوو یەکێک له بە نرخترین دەسکه‌وتەکانی کۆماری کوردستان چۆن پێناسە دەکەن و دەستکەوتەکانی رێکخراوی یەکیەتیی ژنان لە کاتی دامەزراندنیەوە هەتا ئێستا چۆن دەبینن، واتا قورسایی رێکخراوی یەکیەتیی ژنان لە چ ئاستێک دایە؟
فەتحی: دامەزراندنی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان بەرهەمی بیری نوێخوازی و مروڤ سالاریی پێشەوای گەورەی کورد قازی محەممەد و رێبەرانی کۆمار بوو. کە پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرکۆماری کوردستان بوونی رێکخراوێکی تایبەت بە ژنان وەک پێوستی و زەرووتێکی ئەو قوناغە لە مێژووی جووڵانەوەی رزگاریخوازیی گەلی کورد دەزانێ. گرنگی و شانازی ٢٤ رەشەمە دامەزراندنی یەکەمین رێکخراوی سینفی سیاسی تایبەت بە ژنان و دەسپێکی قوناغێکی نوێ بوو لە خەبات و تێکوشانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راستای وەدیهێنانی ئامانجی رزگاری نەتەوەیی و ئازادی و بەرامبەری نێوان ژن و پیاو بوو لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا ئێستا دوو ئامانجی گەورە و بنەڕەتیی وەک رزگاری نەتەوەی و یەکسانیی نێوان ژن و پیاو و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی کردووە بە ئامانجی سەرەکیی خۆی و لە پێناویدا شان بە شانی خەباتی رزگاریخوازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێی قوناغە جیاوازەکانی خەبات بەردەوام لە تێکوشاندا بووە بۆ گەیشتن بەم ئامانج بەرزانەی لەم راستایەدا یەکیەتیی ژنان رۆڵ و کاریگەریی بەرچاوی هەبوو و خزمەتی گەورەی بە جووڵانەوەی ئازادیخوازی نەتەوەیی و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات کردووە، دەیان و سەدان ژنی شۆڕشگێر و یەکسانی‌خواز لە ریزەکانی ئەم رێکخراوەدا بە بردنە سەری ئاستی هوشیاری و رۆشنبیری خویان پێگەیشتوون و خزمەتیان کردووە، لەوانە نەقش و رۆڵی مینا خانمی قازی کە وەک یەکەم بەرپرسی ژنان هاوکات لەگەڵ کومەڵێک لە ژنانی خوێندەوار و رۆشبێری ئەوکات وەک پەروین خانم، کوبرا خانمی عزیمی، عیسمەت خانی کچی مینا خانم بەرچاو بووە و خزمەتی زۆریان کرد بە پەروردە و فێرکردنی ژنان و خوێندەوار کردنیان بە دانانی مەدرەسەی تایبەت بە ژنان و هاندانیان بۆ بەشداری کردن لە کاروباری سیاسی و کومەڵایەتی ئەو سەردەمە، بە گشتی یەکیەتیی ژنان بە درێژایی میژووی خەباتی ٦٨ ساڵەی خۆی لە پێناو رزگاری نەتەوەیی و رزگاری ژنان لە دەست چەوسانەوە و نایەکسانی و زوڵم ستەمی رێژیمی شاهەنشاهی و کۆماری ئیسڵامی خەبات و تێکوشان بەردەوامە تا گەیشتن بە ئامانج بە رزگاری.

کوردستان میدیا: جێگە و پێگەی ژنی کورد لە بزووتنەوەی ژنان له سەرانسەری ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن، پێوەندیی ئێوە لەگەڵ ئەو بزووتنەوە و رێکخراوەکانی ژنان لە جیهان چۆنە؟
فەتحی: یەکیەیتی ژنان بە بەردەوامی لە هەوڵی دانانی بەرنامە و مێتودی نوێدا بووە بۆ پێشخستنی کار و تێکوشانی خۆی چ لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و چ لەسەر ئاستی نێوخۆی لەگەڵ کۆر و کۆمەڵ و رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان و مافەکانی مروڤ بە گشتی بە هێزتر بکات و لەم رێگاوە ئەو توندوتیژی و پێشلکارییانەی کە بەهۆی دەسەڵاتیدا سەپا و دژە ژنی کۆماری ئیسڵامی بەرامبەر بە ژنانی ئێران و کوردستانی بە تایبەتی دەکری ئەم پێشلکارییانە بەم کۆر و کومەڵانە بناسێنی و کار بکات بۆ پێشگیری لەم پێشڵکارییانە کە رۆژانە دژی ژنانی ئێران دەکرێ، لە هەمان‌ کاتدا هەوڵ دەدات لەگەڵ ئەم رێکخراوانەی کار بۆ مافەکانی ژنان دەکەن کار و بەرنامەی هاوبەشی هەبێت.

لەسەر ئاستی ناوخۆییش یەکیەتیی ژنان هەوڵ دەدات لە رێگای راگەیاندن و تەشکیلاتییەوە پێوەندییەکی بە هێزی هەبێ لەگەڵ ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێشتیوانی لە هەر بزووتنەوەیەکی ژنانی ئازادیخواز و مافویست دەکات کە بە خەبات و قوربانی لە دژی سیاسەتە دژی ژنیەکانی کۆماری ئێسلامی دەوستنەوە و زوڵم و نابەرابەری قەبووڵ ناکەن، لە هەمان‌کاتدا یەکیەتیی ژنان هەوڵ دەدات بەرنامەی زۆی لەم رێگایانەوە بباتە نێو ژنانی کوردستان و کێشە و ئاریشەکانی ژنان دەست نیشان بکات و لەم رێگایەوە هوشیاری و ئاکامی بدات بە ژنان لە راستی دەستەبەرکردنی مافەکانیان بە بەرنامەی پەروردەیی ئەمڕۆی لە رێگای راگەیاندنەوە هوشیاریان بکاتەوە لەو توندوتیژی و ناعەداڵەتییەی کە بەهۆی سیاسەت و یاسا دژی ژنیەکانی کۆماری ئێسلامی و داب و نەریت و کوڵتووری کۆمەڵگای بەرامبەریان دەکرێ.

رۆڵی یەکیەتیی ژنان لە ئێستا لە بزووتنەوەی ژنانی کوردستانی ئێران چییە و چ هەنگاوێکتان بۆ کۆکردنەوەی ژنانی ئەو بەشە لە کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامە و پێڕەوی رێکخراوی یەکیەتیی ژنان هەڵگرتووە؟

8082.jpg
محبوبە ئیبتیکار: ئەندامی دەستەی بەرێوەبەریی یەکیەتیی ژنان


کوردستان میدیا: گۆڤاری یەکیەتیی ژنان هەتا ئێستا چەند ژمارەی لێ دەرچووە؟ و چ کاریگەریەکی لە هوشیارکردەنەوەی ژناندا هەیە؟

ئیبتیکار: گۆڤاری یەکیەتیی ژنان هەتا ئێستا ٤٢ ژمارەی لێ دەرچووە، بە دڵنیایی‌یەوە کاریگەری باشی بووە و زۆربەی ئەو بابەتانەی کەلە گۆڤارەکەمان چاپ کراوە و پامێک بووە بۆ ئەو پرسیارانە کە خوێنەرانی گۆڤارەکەمان بوویانە هەر بەو هۆیەشەوە زۆر جار دەسخوشیمان لی کراوە چونکە گۆڤارەکەمان زۆر هەوڵ دەدات زیاتر گرینگی بدات بەو بابەتانەی کە باس لە دەرد و خەم و ئازەارەکانی ژنان و ئەو کێشانەی کە لەنێو بنەماڵە و کۆمەڵگادا هەیە.
کوردستان میدیا: وەکوو یەکیەتی ژنان بەرنامەتان بۆ داهاتوو چییە؟ و دەتانهەوێ چی بکەن؟
ئیبتیکار: ئێمە وەک یەکیەتی ژنان دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرنامەی داهاتووماندا دەمانهەوێت بۆ بەروپێش چوونی کۆمەڵگا و تاکی نێو کۆمەڵگا و بۆ لە ناو بردنی ئەو داب، فۆرم و عادەتە نێگەتیڤانەی کە لەنێو کۆمەڵگای ئێمەدا هەن و کۆمەڵگای ئێمە بەرەدواکەتوویی دەبن بەربەرەکانێ دەکەین و هەوڵ دەدەین بۆ هوشیارکردنەوە و رۆشنبیرکردنی مروڤەکان و ئاشناکردنیان بە مافە رەواکانیان و هەروەها بە کەڵک ورەگرتن لە ئامووزش و پەروەردەکردنی تاکەکانی کۆمەڵ بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسان و بێ جیاوازی و هەوڵ دەدین بۆ لە بەین بردنی ئەو یاسانەی کە لەنێو یاسا دژ مرۆیی‌یەکانی کۆماری ئیسڵامی ئێران تەسویب کراوە و کار دەکەین بۆ ئەوەی باوەر بە خۆبوون لە نێو ژناندا زیاد بکەین بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە دەرەوەی ماڵ کار بکەن و بتوانن لە سیاسەت و دەسەڵات بەشدار بن.

کوردستان میدیا: هەتا ئێستاش وشەی \'\'داب و نەریت و عەیبە\'\' گەورەترین کۆسپی بەردەم پێشکەوتنی ژنانی کوردە، چ قسەیەکتان هەیە بۆ ئەمە؟

ئیبتکار: نەریت، یان سوننەت، یان عورف و عادەت و عەیبە ئەم وشەیە کەلە ناو کۆمەڵگادا باوە و دەبێتە هۆی هێشتنەوەی بیری مروڤەکان لە چوارچێوەیەکی تەسک و داخراودا و دەرتان و ئێزن بۆ هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی جیاواز روانینێک بۆ داهاتوویەکی گەش و بینینی واقعیەتەکان لە نێو کۆمەڵگادا نادات و مرۆڤەکان بەرەو کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو دەبات.
بە داخەوە ئەم وشانە دەبێتە هۆی ئەوە کە مرۆڤەکان نەتوانن دەرد و ئازارەکانیان لای کەس باس بکەن و بۆ حەلی کێشەکانیان پەنا بە شوێنە پێوەندی‌دارەکان ببەن.
کوردستان میدیا: لەش فرۆشی، یان ئیعتیاد و دەستدرێژیی جینسی دەرنجامی چ سیاسەت گەلێکن لە کۆمەڵگای ئێمەدا؟ ئایا شێوازێک بۆ پێشگیری یان لەمکردنەوەی ئەم دیاردەگەلە هەیە؟
ئیبتکار:لەش فرۆشی، یان ئیعتیاد و دەستدرێژیی جینسی دەتوانێت هێندیک سیاسەت یان تاکتێکی دڕندانە لە پشت بێت بۆ ترساندن و تۆقاندانی مرۆڤەکان لە رێگەی لەش فرۆشی دەتوانێت کەرامەتی مروڤەکان بکڕدرێت، و لە رێگەی ئیعتیاد دەتوانرێت دەنگە جیاوازەکان کپ بکرێت و ئیسقڵال و سەربەخۆی مرۆڤەکان لە بەین بچێت و کەسایەتی مروڤەکان خەوشەدار بکرێت و لە رێگەی دەستدرێژیی جینسی دەتواندرێت وەکوو ئامرازێکی شەری دەروونی بۆ لە بەین بردنی مرۆڤەکان و سووک کردنیان لە نێو کۆمەڵگا بە کار بهێنریت.
بۆ پێش‌گرتن لەو دیاردەگەلە دەبێت لە رێگەی راگەیاندن و کەسانی پسپۆر و شارەزا و هوشیاری بدرێت بە کۆمەلگا و لەو دیاردانە ئاگادار بکرێنەوە، و بە ئاگاهێنانەوەی تاکی کۆمەڵ بۆ ئەوی نەکەوێتە داوی ئەو شێوە سیاسەتانە و هەروەها لەقاودانی ئەو سیاسەتانەی بە نیسبەت گەڵەکەمان دەکرێت بۆ لە نێوچوونمان و هەروەها پەنا بردن بۆ رێکخراوەکانی داکۆکی کار بە مافی مروڤ و ئەو یاسا نێو نەتەوەیانە کە دژی ئەو سیاسەتانە دەرچوو.

8081.jpg
سەفیە مەحموودی/ راوێژکاری بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان


کوردستان میدیا: سەرەڕای بوونی ئەم هەموو بزووتنەوە و رێکخراوانە‌ی تایبەت بەژنان، کەچی ژن بەردەوام لەلایەن یاسا و بنەماڵەوە پشتیوانیی لێ ناکرێ، لێرە رۆڵی یەکیەتیی ژنان چییە بە گشتی؟ پێتان وایە بە گرتنی سمینار و کۆبوونەوە و ... هتد ئەم دیاردانە کەم دەبێتەوە؟

مەحموودی: یەکیەتی ژنان لەپێناو یەکسانی تەواو و بێ‌قەید و شەرتی ژنان و پیاوان لە هەموو روویەکەوە، تێدەکۆشێت و هەوڵ بۆ نەهێشتنی جیاوازی رەگەزی لە نێو کۆمەڵگا بەگشتی و بنەماڵە بە تایبەتی دەدات بە مەبستی پەرەپێدانی زانیاری و کولتووری لەسەر مافی ژنانی کورد و پشتگیری لەمافی ژنان لە کومەڵگای کوردەواریدا، چونکە وەک ئاشکرایە ئەو پرسە لە بنچینەدا لەسەر دوو کۆڵەکەی (دین ــ چ وەک دەق چ وەک رەفتار ــ و داب و نەریتە کۆنەپەرستەکان) بونیاد نراوە. یەکیەتییەکەمان ژنان بە ماف و ئازادییەکانیان دەناسێنێ و لەو پێوەندییەشدا هاوکاری لەهەموو کەس و لایەنێک وەردەگرێ و پەردە لەسەر سیاسەتە دژ بە ژنەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵدەماڵێت و هەستی باوەڕ بەخۆبوون لای ژنان دروست دەکات و هانیان دەدا بۆ بردنە سەری پلەی خوێندەواری کار کردن لە دەرەوەی ماڵ. ئێمە چالاکییەکانمان تەنیا سیمینار و کۆبونەوە گرتن نییە جگە لەمەش پیاوانیش لە کارەکانماندا بەشدار دەکەین و بە بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاری هەر دوولا باشتر ئامانجەکەمان دەپێکین.
کوردستان میدیا: کوشتن بە ناوی شەرف (نامووس) تایبەت نییە بە ناوچەیەک، یان وڵاتێکی دیاریکراو، ئەو دیاردەش لە کوردستان زۆر بەرچاوە، کە هەندی جار بە سوڵحی عەشیرەیی و پارە وا دەکەن تاوانباران رزگاریان بێت، ئێوە وەکوو رێکخراوی یەکیەتیی ژنان چ هەنگاوێکتان هەڵگرتووە سەبارەت بە ئەو کێشەیە؟

محمودی: دیارە ئەو پرسەی کە باستان کرد بەداخەوە لەناو کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەت کوردستان هەیە، بەڵام لەبیرمان نەچێ‌ئەو دیاردەیە زیاتر لە هەرێمی کوردستان پەرەی سەندووە، ئەگەریش مەبەستتان کۆمەڵگای کوردستانی ئێرانە ئەوە یەکیەتی ژنان بە تەنیا ناتوانێ‌ئەو ئەرکە وەئەستۆ بگرێ‌و ئەوە زیاتر پێوەندیی بە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان و پارلەمانەوە هەیە و لەلایەکی دیکەوە کوشتنی ژنان ئەوەندەی پێوەندیی بە عەقڵەوە هەیە، پێوەندیی بە شوێنەوە نییە پرسی توندوتیژیی دژ بە ژنان ئەوەندە پرسێکی ئاسایی و ئاسان نییە لێی بێدەنگ بین و قسە و کاری لەسەر نەکرێ و بەرەنگاری نەبینەوە، بەڵام بەپێی دەسەڵات و توانای رێکخراوی یەکیەتیی ژنان.

وتووێژ/ مەهاباد قاسمی