کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ تێکهەڵچوونی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران و دانیشتوانی ئاوایی دەلۆ ١٥ برینداری لێکەوتەوە

19:45 - 22 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: بە هۆی پەلاماری هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەی دۆڵی ئورمیە لەمەڕ کێشەی ئاو، ٨ کەس لە خەڵکی ئاوایی و ٧ کەس لە هێزەکانی رێژیمی ئێران بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران پەلاماری خەڵکی گوندی دەلۆ لە ناوچەی دۆڵی پارێزگای ئورمیەیان دا.

راپۆرتی گەییشتوو لە ناوچەی دۆڵـەوە باس لەوەدەکات کە ئەم هەوڵەی هێزە چەکدارەکانی رێژیم لەگەڵ دژکردەوەی خەڵکی ئاوایی بەرەوڕوو بووەتەوە.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی دەلۆ بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند کە شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزە چەکدارەکانی رێژیم و دانیشتوانی گوندی دەلۆ هەتا کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ بەردەوام بووە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، لە ئاکامی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، ٨ کەس لە دانیشتوانی گوندی دەلۆ و ٧ کەس لە هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئێران بریندار بوون.

هاووڵاتییەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بیانووی ئەو پەلامار و توندوتیژییەی هێزەکانی رێژیم و سەرکوت و تێکهەڵچوون لەگەڵ خەڵکی گوندی دەلۆی، سکاڵای خەڵکی گوندی دەربەند راگەیاند.

دەوترێت کە خەڵکی گوندی دەربەند سەبارەت بە راگرتنی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەیان، کە سەرچاوەکەی، کانیاوەکانی گوندی دەلۆیە، سکاڵایان تۆمار کردبوو.

بە پێی ئەم راپۆرتە، کەمتەرخەمیی بە ئانقەست و مەبەست‌داری رێژیم لە هەمبەر لێدانی چاڵاوی قووڵی سەر مەزراکان، کەم‌ئاوی و بێ ئاوبوونی کانیاوەکانی گوندی دەلۆی بە دواوە بووە و بەم هۆیەیە ئاوی گوندی دەلۆ، پێداویستییەکانی دانیشتوانی ئەو گوندە دابین ناکات.

هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی گوندی دەلۆ بە پێداگریی لەسەر کەمتەرخەمیی رێژیم لەو بارەیەوە وتی: ئەم گوێ نەدانەی رێژیم بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی وەزاڵە هاتووی دەلۆ ناچار بن ئەو ئاوە رابگرن کە لە کانیاوەکانی ئەو گوندە بۆ گوندەکانی شەیتاناوا و دەربەند دەچن.

بە پێی راپۆرتە بڵاوکراوە جۆراجۆرەکان لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا و لە سەرتاسەری کوردستانی ئێراندا، سیاسەتی دژەخەڵکیی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە هەموو ئاست و شێوەکانیدا سەرکوت و داپڵۆسین و بێبەش و بێماف هێشتنەوەی خەڵکی کوردستانە.

یەکێک لە هاووڵاتییانی ناوچەی دۆڵی ئورمیە بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای رایگەیاند: یەکێک لە پیلانە هەرە دزێوەکانی رێژیمی ئیسلامی بە درێژایی ٣٦ ساڵ دەسەڵاتی لە کوردستان خولقاندنی کەش و باری نائاسایی بە هۆی گرفتە بچووکە کۆمەڵایەتییەکان و پەرەپێدان و گەورە کردنەوەیان، ئاژاوەنانەوە، کێشەسازکردن و گوێ نەدان بە پرسە هەنووکەیەکانیان و لێکترازان و دابڕان و دڕدۆنگ دانیانە و ئەمەش وەکوو سیاسەتێکی ئاشکرای ناوچەیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دێتە هەژمار.

راپۆرتی گەییشتوو لە ئورمیەوە لە زاری هاووڵاتییەکی کوردەوە باس لەوە دەکات کە ئەزموونی کێشەکانی خەڵکی کوردستان لەسەر چۆمی جەغەتوو و ئاڵەشینی بۆکان، دەشتەبێڵ، گەلی قاسملوو، مرگەوەڕ و گەلێک شوێنی دیکە ئەو راستییە دەردەخات کە رێژیم بە پەرەپێدان و رێگە خۆشکردن بۆ کێشەکان لە هەوڵی ئەوەدابووە کە بەستێنێک بخولقێنی کە خەڵک ناچار بکات پەنا بەرنە بەر توندوتیژی.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا ئەو هاووڵاتییە کوردە بە پێداگریی لەسەر سیاسەتی ئاژاوە و دووبەرەکێ نانەوە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە کوردستان ئاماژەی دا: ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوو لە نێوان خەڵکی گوندەکانی سیلان و رەژگوند، رەژگوند و دۆستەک و دۆستەک و سوورکان قەومان هێمایەکن لەو سیاسەتە دزێوەی رێژیم و دەلۆ و دەربەند و شەیتاناوا ساڵەهایە لە چەنگ بێ ئاوی و کەمیی ئاوی خواردنەوەیان هاوار و زاڵەیانە و لە ١٠ ساڵی رابردوودا چەندین جار داوایان لە دەزگا قەزایەکانی پارێزگای ئورمیە کردووە کە گرفتەکەیان بۆ چارەسەر بکرێ و ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیم ئاوی خواردنەوەی گوندە بێ ئاوەکان دابین بکات.

داواکاریی خەڵکی کوردستان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانیان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە کوردستاندا لە حاڵیکدایە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە گوێرەی سیاسەتی نەگۆڕی لە کوردستان کە گوێ‌نەدان بە پێویستیەکانی خەڵک و سەرکوت و زەبر و زەنگە، لە هێزە چەکدارەکان و هەروەها دەست و پێوەندییەکانی خۆی بۆ قووڵتر کردنەوەی تەنگ و چەڵەمەکان و ئاژاوە و دووبەرەکێ نانەوە لە کوردستان و بەتایبەتی گوندەکانی کوردستان کەڵکی وەر گرتووە و بەم شێوەیە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە لە ئاوی لێڵ ماسی بگرێ.

ئەو راپۆرتەی بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەییشتووە باس لەوە دەکات کە چارەسەر نەکردنی کێشەی ١٠ ساڵەی ئاوی خواردنەوەی گوندی دەلۆ و شەیتاناوا سیاسەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بووه و ئێستا ئەو سیاسەتەی رێژیم، چەکدارکردنی گوندی ئازەری نشینی شەیتاناوای بە دواوە بووە.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی دەلۆ بە هەواڵنێری کوردستان میدیای راگەیاند کە پاش چەکدارکردنی خەڵکی گوندی شەیتاناوا، خەڵکی ئەو گوندە لە پەنای چەکەکانیاندا کە لە رێژیمیان وەرگرتبوو، رێگای هاتوچۆی خەڵکی گوندی دەلۆیان بۆ شاری ئورمیە کە بە شەیتاناوادا تێدەپەڕی بڕی و ناچاریان کردن بە زەحمەت و تێچووی خۆیان زیاتر لە ١٥ کیلۆمیتر رێگای نوێ بۆ چوونە شاری ئورمیە لێ بدەن و تێکەڵاوی و هاتوچۆی لە مێژینەیان لەگەڵ خەڵکی گوندی شەیتاناوا بنبڕ بکەن.

ئێستا لە ئاکامی سیاسەتی رێژیمی ئێراندا، گرفتێکی ئاسایی ئاوی خواردنەوە کە دابین کردنەکەی ئەرکی سەرەکیی هەر حکوومەتێکە، کێشەگەلێکی خولقاندووە کە بەرۆکی بەشێکی زۆر لە گوند و ئاوەدانیەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و رێژیم لە باتی چارەسەرکردنیان رێگای سەرکوت کردنی خەڵکەکە و پەرەدان بە گرفتەکان دەگرێتەبەر.

یەکێک لە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی ئورمیە لە پێوەندیی لەگەڵ ئاژاوەنانەوە و هەوڵی دووبەرەکێ‌نانەوە لەلایەن رێژیمەوە لە کوردستان، رایگەیاند: ئەو سیاسەتە لە پارێزگای ئورمیە بە شێوەیەکی بەرچاوتر ناوچەیی کراوە و لە باتی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان هەوڵی بەگژ یەکداکردنی خەڵک دراوە و رێژیم بەو شێوەیە دەیهەوێ بە خولقاندنی ئەو بارودۆخە، خەڵک ناچار بکات پەنا بۆ توندوتیژی دژ بە یەک بەرن.

ئەم هاووڵاتییە لە درێژەدا پێداگری کرد کە یەکێکی دیکە لە مەبەستەکانی رێژیمی ئێران لە ناچارکردنی خەڵک بۆ توندوتیژیی دژ بە یەک و ئاژاوە ئەوەیە کە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم ئاوەڵاتر و ئیرادەی خەڵک بۆ چارەسەریی کێشەکانیان بێ هێز و لاواز بکات هەتا پەنا بۆ تەما ناڕەواکانی رێژیم بەرن و بۆ پاراستنی خۆیان لە هەر دوو (یەکتری) چەکی رێژیم بۆ دوژمنایەتی یەکتری بکەنە شانیان و سەر بۆ چەکدار و قوڵە چۆماخە ناوچەیەکانی رێژیم دابخەن.
هاوولاتییەکی دیکە لەو بارەیەوە رایگەیاند کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا باوە هەرکات بە ئانقەست و چ بەهۆی لاوازیەوە حکوومەت لە چارەسەرکردنی گرفتە کۆمەڵایەتییەکان داماوە، هەر بۆ خۆیان لە سەر دەستی گەورە پیاوان و باوەڕ پێکرا و ریش سپییەکان هەوڵی ئاوەدانی و ئاشتی و هێمنی و پێکەوە ژیانیان داوە.