کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ قوتابییانی کورد لە کوردستانی ئێران لەژێر هەڕەشەی دەرکران و بێ‌بەش بوون لە خوێندن دان

16:41 - 7 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەرێگەی گوشار هێنان بۆ قوتابیانی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی ئێران، وەکوو وەرگرتنی پارە و ناونووسی لە رێکخراوی بەسیج، هەوڵی لاواز کردنی خوێندن و ئاستی خوێندەواری لەم هەرێمەدا دەدات.
کەمیی سووتەمەنی لە وەرزی زستان، ناستاندارد بوونی کەرەسەی گەرمازا و نەبوونی خۆراک لە قوتابخانەکانی کوردستانی ئێران و وەرگرتنی پارە لە قوتابییان لەمەڕ دابین کردنی ئەو پێداویستییانە لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و قوتابخانەکانەوە، تەنگی بە قوتابیان هەڵچنیوە و زۆربەیان وازیان لە خوێندن هێناوە.
لە ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی شارەکانی کوردستانی ئێران، وەکوو شنۆ، سایین‌قەڵا، نۆدشه، ورمێ، بۆکان، مەریوان، سەوڵاوا و هەوشار، لەلایەن بەرپرسانی پەروەردەی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بڕەپارەیەکی نزیک بە ٥٠ هەتا ١٠٠ هەزار تمەن، لە قوتابییانی قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی داوا کراوە و لە هەندێ حاڵەتیشدا هەڕەشەی دەرکران و بێ‌بەش کردن لە خوێندن لەو قوتابیه کوردانه کراوە.
بەرپرسانی قوتابخانەیەکی دواناوەندیی شاری شنۆ بەناوی دەبیرستانی ئیمام خومەینی داوای ٥٠ هەزار تمەن پارەیان لە هەر قوتابییەک کردووە و پێیان راگەیاندوون لە ئەگەری نەدانی ئەو بڕە پارەیە لەو خوێندگایەدا دەردەکرێن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ یەک لەو قوتابییانە نەچوونە ژێر باری ئەو داواکارییە و وەڵامی رەتیان بە بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە داوەتەوە.
ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سایین‌قەڵاش گوشاری بۆ قوتابیانی ئەو شارە هێناوە و داوای ١٠٠ هەزار تمەنیان لە قوتابیان کردووە، کە ژمارەیەک قوتابی بەهۆی دەست کورتی و کەمیی داهاتی بنەماڵەکانیان، بەناچاری وازیان لە خوێندن هێناوە.
لە شارۆچکەی دزێی مەرگەوەڕ سەربە شاری ورمێ، بەرپرسانی قوتابخانەی خەییام گوشاریان بۆ قوتابییان هێناوە و لەمەڕ دابین کردنی تێچووی سووتەمەنیی ئەو قوتابخانەیە، داوای پارەیان لێ کردوون.
ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بە بڵاو کردنەوەی بەخشنامەیەکی نوێ لە تێکڕای قوتابخانەکانی شاری بۆکاندا، داوای پارەیەکیان بەبڕی ١٠٠ هەزار تمەن لە قوتابییان کردووە و بەهۆی نەدانی ئەو پارەیە، ژمارەیەک لە قوتابییانی گوندی داشبەند و گەڕەکی میراوا لە خوێندن بێبەش کراون.
سەرەڕای کەمیی قوتابخانە و نەبوونی ئیمەنیی بیناکانی خوێندنگەکان، قوتابیانی شاری مەریوانیش لەو زەخت و گوشارانەی لێپرسراوانی پەروەردە بێ‌بەش نەبوون و لە چەندین حاڵەتدا گوشاریان بۆ قوتابییان هێناوە.
ئەو بەرپرسانه بە قوتابییانیان وتووە بۆ دانی پارەی فیشی ئاو، گاز، تەلەفوون و بەرقی بینای خوێندنەگەکە، ٥٠ هەرزار تمەن رادەستی بەرپرسانی قوتابخانەکان بکەن.
لە گوندی دزڵیی سەربە شاری سەوڵاوا، بوودجەی فەڕاش و سووتەمەنی بە زۆرەملێ لە قوتابییانی قوتابخانەکانی پەروین ئیعتسامی و زەینەبی کوبرا وەرگیراوە.
قوتابییانی قوتابخانەکانی شاری هەوشار لە گوشاری بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لەمەڕ دانی ١٠٠ هەزار تمەن بێ‌بەری نەبوون و لەو شارەشدا ژمارەیەک قوتابی بەهۆی دەست کورتی، وازیان لە خوێندن هێناوە.

داوکاریی پارە لە قوتابییان لەلایەن لێپرسراوانی رێژیمەوە لە حاڵێکدا کە سەرەڕای دەست کورتی و هەژاری، دەرفەتی کارکردن بۆ هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێراندا کەمە و لە ناوچە سنوورییەکانیشدا بنەماڵەکان بەناچاری روو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و زۆر جار منداڵانی کورد بەهۆی کوژرانی باوکیان لەسەر سنوورەکان لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە، بێ‌سەرپەرست دەبن.
دیاردەی وەرگرتنی پارە لە ژمارەیەک قوتابییانی هەژار و دەست‌ کورتی کوردستانی ئێران، لەلایەن لێپرسراوانی پەروەردەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە حاڵێک دایه کە ئەو قوتابخانانە به دەستی بێ‌ئیمکاناتییەوە دەناڵێنن و وازهێنانی هەر قوتابییەکی کورد لە خوێندن چارەنووسییان بەرەو داهاتوویەکی ناڕوون دەبات و هیچ ناوەندێکی پەروەردەیی رێژیمی ئێرانیش خۆیان بە وەڵامدەر نازانن.
جیا لەمانەش بیاناکانی قوتابخانەکانی کوردستانی ئێران، لە بێ‌ ئیمکاناتیی تەواو دان و لە هەندێ حاڵەتدا ناستاندارد بوونی کەره‌سە و ئامرازەکانی بەکار هێنراو لەو بینایانەدا رووداوی کارەسات‌باری بۆ قوتابیان کورد بەدواوە بووە، کە دەتوانین رووداوی شیناوێ بە نموونە بێنینەوە کە تێیدا ٣٧ منداڵی کورد لە نێو کڵپەی ئاگردا سووتان.
گوشاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە کوردستانی ئێران بۆسەر قوتابییان تەنیا لە وەرگرتنی پارە‌دا قەتیز نەبووەتەوە و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا، گوشار بۆ قوتابییان لەمەڕ ناونووسی کردن لە رێکخراوی بەسیجدا هاتووە و تەنانەت هەڕەشەی دەرکردنیشیان لێ کراوە.
گوشارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆسەر قوتابییانی کورد، تەریک کەوتنەوە لە خوێندن و دابەزینی ئاستی خوێندەواریی رۆڵەکانی نەتەوەی کوردی لە درێژماوەدا لێ دەکەوێتەوە.
تازەترین ئاماریک کە لەم پێوەندییەدا لە دوو پارێزگای کوردستانی ئێران بڵاو بۆتەوە دەرخەری ئەو راستییە.
بەگوێرەی ئامارێک کە لەلایەن بەرپرسانی پەروەردەی دوو پارێزگای کوردستان و کرماشان بڵاو بووەتەوە، لەو دوو پارێزگایەدا نزیک بە ٤٠٠ هەزار هاووڵاتیی نەخوێندەواری رەها (مطلق) بوونی هەیه کە بە هیچ شێوەیەک توانای نووسین و خوێنەوەیان نییە.