کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ لە ماوەی حەفتەیەکدا ٣ هاووڵاتیی کورد بە شێوەیەکی گوماناوی، بەدەستی هێزە ئینتزامییەکان کوژراون

14:38 - 27 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: لە ماوەی یەک حەفتەدا سێ‌هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەی پاوە، مەریوان و بۆکان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لێ‌ئەستێنراوە.


ئەو هاووڵاتییانە بەبێ‌ئەوەی هیچ تاوانێکیان ئەنجام دابێ‌گیانیان لێ‌ئەستێنراوە و لەهەمان کاتیشدا پاش بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، ناوەندە ئەمنیەتی ــ نیزامییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەی وڵام دانەوە نەبوون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢١‌ی رێبەندان هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی پاوە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی بەخشی باینگانـەوە دەسبەسەر کرا.
عەبدولقادەر ئەشدەری ناوی ئەو هاووڵاتییەیە کە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی سەربە پاسگای دڕۆڵە دەسبەسەر و دەیبەنە گرتنگەی ئەو ناوەندە نیزامییە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزەکانی ئەو پاسگایەوە بەبێ‌هیچ هۆکارێکی روون دراوەتە بەر لێدان و کۆتان.
عەبدولقادر دوای لێدانی لەرادەبەدەڕ ئازاد کراوە، بەڵام ئەو هاووڵاتییە بەهۆی برینی قوول و ئازار و ئەزیەتی زۆر، لە شوێنێک بە ناوی کلکەکەی شەڕگە لە ئاوایی کانی سالار کوتۆتە ناو رووبارێکەوە و گیانی لەدەست داوە.
عەبدولقادر ئەشدەری تەمەن ٣٤ ساڵ، کوڕی عەبدولڕەحیم و خەڵکی ئاوایی بانەوەری سەربە شاری پاوە بوو.
هەر لەو پێوەندییەدا و لە درێژەی کوشتنی گوماناوی هاووڵاتییانی کورد، عیسا غولام وەیسی لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی سەربە کەلانتەریی ١١ی شاری مەریوانەوە زۆر بێ‌بەزەییانە کەوتبووە بەر لێدان و کوتان.
ماوەیەک لەمەوبەر هاووڵاتییەک بە ماشێن لە عیسای دابوو و دوای گەیشتنی هێزە ئینتزامییەکان، شوفێری ماشینەکە دەسبەجێ‌ئازاد کرابوو.
عیسا غوڵام وەیسی بەو هەڵسوکەوتەی هێزەکانی سەربە کەلانتەریی ١١ ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو و ئەو هێزانە لە بری چارەسەریی هەتا سەرە مەرگ لەو هاووڵاتییەیان دابوو.
عیسا لە ئەنجامی ئەو لێدانە و کوتانە لاقێکی شکابوو و تووشی خوێن‌ڕێژی ببوو و هەر بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دابوو.
عیسا غوڵام وەیسی تەمەن ٢٥ ساڵ و لە دایک بووی گوندی بێسارانی ناوچەی ژاوەرۆ بوو.
لەو ماوەیەدا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەمەڕ هۆکاری کوژرانی رۆڵەکەیان، لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە و بەردەوام بەرەوڕووی بێ‌حورمەتی و هەڕەشەی کەڵانتەریی ١١ی مەریوان بوونەتەوە.
هاشم پینەچی کوڕی محەممەد، خەڵکی ئاوایی جامەردی بۆکان ماوەی مانگێگ لەمەوبەر لە شەقامی وەلیعەسری شاری تاران لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و چەند رۆژ لەمەوبەر بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی پینەچی راگەیاند، هاشم (محەمەدە رەش) پاش دەسبەسەر کران رەوانە زیندان کراوە و بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراوە.
بنەماڵەی هاشم دوای یەک مانگ بەدوادا چوون، رێکەوتی ٢٥‌ی رێبەندان توانیبوویان تەرمی ئەو هاووڵاتییە، وەربگرنەوە.
هاشم پینەچی لە دایک بووی ساڵی ١٣٥٢‌ی هەتاوی و ماوەی چەند ساڵ بوو لە شاری تاران سەرقاڵی کاری جۆشکاری بوو.
بنەماڵەی ئەو سێ‌هاووڵاتییە کوردە بە شێوەی بەردەوام سەدانی ناوەندە ئەمنیەتی ــ نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وڵامێکیان لەمەڕ هۆکاری کوژرانی رۆڵەکانیان وەرنەگرتووە.