کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ لە ماوەی زیاتر لە یەك مانگدا ٥ چالاكی سیاسیی كورد \"ئێران\"یان بەجێ‌هێشتووە

20:58 - 15 رێبەندان 2712

كوردستان میدیا: لە ماوەی ٤٠ رۆژدا ٥ چالاكیی سیاسیی ـ خوێندكاریی كورد بە هۆی زەخت و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەكان و بانگهێشت كردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم و چاوەدێری بەردەوامیان بە ناچاری ئێرانیان بەجێ‌ هێشتووە.

بەشێك لەو چالاكە كوردانەی كە وڵاتیان بەجێ‌ هێشتووە بۆ ماوەی چەندین جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و بۆ ماوەی چەندین مانگ دەستبەسەر و لە ژێر زەخت و گوشاردا بوون و ئەو پێنج هاووڵاتییە لە رێكەوتی ٥‌ی مانگی بەفرانبارەوە هەتا ١٥‌ی رێبەندان ناچار بە بەجێ‌ هێشتنی وڵات كراون.
3610.jpg
عەباس کاکایی


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، عەباس كاكایی چالاكی خوێندكاریی خەڵكی شاری قوروە، یەك لەو پێنج هاووڵاتییە كوردەیە كە رێكەوتی ٥‌ی بەفرانبار، بەهۆی بانگ كرانی بەردەوام بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و زەخت و گوشاری ئەو هێزانە ئێرانی بەجێ‌ هێشت و پەڕیوەی هەندەران بوو.

ئەو چالاكە خوێندكارییە پێشتریش لە رێكەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە تاران دەستبەسەر و بۆ ماوەی یەك ساڵ زیندانی بوو.

عەباس كاكایی خوێندنی زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە زانكۆی تاران تەواو كردووە و مامۆستای خوێندنگەكانی تاران بووە و رۆڵێكی گرینگی لە چالاكییە فەرهەنگی ـ مەدەنییەكانی شاری قوروەدا هەبووە.

لەحاڵی حازریشدا چەندین چالاكی خوێندكاری دیكە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمەوە دەستبەسەر كراون.

داود قەسیمی، سامان مەحموودی، خالید محەممەدی، سۆران دانیشوەر و محەممەد كۆنەپۆشی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

3609.jpg
لوقمان كوێخا


رێكەوتی ١٧‌ی مانگی بەفرانبار چالاكێكی سیاسیی بە ناویلوقمان كوێخا تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵكی شاری شنۆ بە هۆی زەختی هێزە ئیتلاعاتییەكانی ئیسلامی ئێرانەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت.

بە وتەی لوقمان كوێخا هێزە ئەمنیەتییەكان بەبەردەوامی بانگهێشتیان كردووە و زۆر جاریش ئەو بانگهێشت كردنە لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی رێژیمەوە بووە، هەر بۆیە بە ناچاری رووی لە هەندەران كردووە.

ئەو چالاكە سیاسییە رێكەوتی ٢٥ی گەڵاوێژی ١٣٨٩ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە لە شاری شنۆ دەستبەسەر كراوە و بۆ ماوەی كەمتر لە یەك مانگ لەئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ لە ژێر ئەشكەنجە و لێپرسینەوەدا بووە و لە ئەنجامدا بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری حوكم دراوە.

هەمزە محەممەد پوور:

لە درێژەی زەخت و گوشاری هێزەكانی رێژیمدا چالاكێكی سیاسیی دیكەی كورد بە ناوی هەمزە محەمەد پوور كوڕی حەمە رەسووڵ چارەنووسی هاوچەشنی لوقمان و عەباسی لێهات.
هەمزە محەممەد پوور تەمەن ٣٢ ساڵ رێكەوتی ٢‌ی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٠ لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی دژبەری رێژیمی ئێران دەسبەسەر و بۆ ماوەی سێ‌ مانگ لە گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییەدا رادەگیرێت.

ئەو هاووڵاتییە لە ئەنجامدا رێكەوتی ٢٠‌ی مانگی بەفرانبار بە هۆی چاوەدێری بەردەوام زێدی خۆی بە جێ‌ هێشت و لە هەرێمی كوردستان دەگیرسێتەوە.

هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێران زۆر جار تۆمەتی ئەمنیەتی و هاوكاری لەگەڵ حیزبە سیاسییەكان دەدەنە پاڵ دەسبەسەركراوەكان و بەوتەی زۆربەی ئەو كەسانەی كە دادگایی كراون، چالاكانی سیاسیی ـ فەرهەنگی كورد لە بوونی پارێزەر بێبەری دەكرێن.

3608.jpg
سەعد ئەیوبی


سەعد ئەیوبی كوڕی سەعید و خەڵكی بۆكان چالاكێكی دیكەی سیاسیی كورد بوو كە رێكەوتی ٢٥‌ی بەفرانبار بەهۆی زەخت و گوشاری دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەكانی رێژیم بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت.
ئەو چالاكە سیاسییە ئاشكرای كردبوو، چەند رۆژ بەر لە بەجێ‌ هێشتنی وڵات هێزە ئیتلاعاتییەكانی رێژیمی ئێران بەمەبەستی دەستبەسەر كردنی چوونەتە ماڵەكەیان و بە توندی هەڕەشەیان لە بنەماڵەكەی كردبوو.

سەعد ئەیوبی رێكەوتی ٢٩ی سەماوەزی ساڵی ١٣٩١‌ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری بۆكان دەستبەسەر و دوای چەند رۆژ ئازاد كرابوو.

3607.jpg
جەهانبەخش ئەحمەدی


جەهانبەخش ئەحمەدی تەمەن ٢٩ ساڵ و كوڕی غەفوور، خەڵكی گوندی نگڵی سەربە شاری سنە پێنجەمین چالاكی سیاسیی كوردە كە رێكەوتی ١٥‌ی رێبەندان ئێرانی بەجێ‌ هێشتووە.

جەهانبەخش جیا لە كار و چالاكیی سیاسی، یەكێك لە ئەندامانی چالاكی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بووە، ئەو چالاكە سیاسییە رێكەوتی ٢٠ی خاكەلێوەی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە دەستبەسەر كرابوو و لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری حوكم درا و دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا ئەو حوكمە بۆ ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٤ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراو كەم كرابووە.