کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی بەشێک لە کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتیی حدک ئێران لە ئەمریکا

17:25 - 28 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: نوێنەرایەتیی حیزبی دێمۆکردتی کوردستانی ئێران سەردانی چەند ئۆرگانی گرینگی ئەمریکای کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نوێنەرایەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئەمریکا، بە سەرپەرستیی بەڕێـز شەریف بێهرووز چاوی بە کارگێڕانی دەفتەری سیناتۆر مارک کیرک، کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و بەرپرسانی کومیسیۆنی کاروباری دەرەوەی سینای ئەمریکا کەوت و لەسەر کۆمەڵێک باسی پێوەندیدار بە ناوچە، ئێران، کوردستان و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئەمریکا لەو دانیشتنانەدا وێڕای ئاماژە بە رۆڵی نەرێنیی رێژیمی ئێران لە ئاڵوگۆڕەکان ناوچە، پەڕژایە سەر ئەوەش کە مانەوەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رادەی نائارامییەکانی ناوچە و جیهان بەربڵاوتر دەکات و زیاتر لە جاران بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران و وڵاتانی دیکە دەخاتە مەترسییەوە.

شەریف بیهرووز، زیاتر پەراوێز خستن، هاریکاریی خەڵکی ئێران لە رێگای ئوپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە و بە تایبەت هێزە دێمۆکراتەکان و زەق کردنەوەیان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، باشترین شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ رێژیمی ئێران لەو هاودیتنانەدا وەسف کرد.

ناوبراو باسیشی لەوە کردووە کە ئاڵوگۆرەکان بە خێرای بەرەو پێش دەچن و ئەزموونی وڵاتانی دراوسێ ئەوەمان پێ دەڵێت، کە دروست کردنی بەستێنی لەبار بۆ هێنانە ئارای ئوپۆزسیۆنی یەکگرتوو و بەهێز وەک ئەڵترناتیڤی رێژیم پێش دەست پێکردنی قەیرانەکان، هەوڵی بۆ بدرێ.

لەلایەکی دیکەوە هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزبی دێمۆکرات لە کۆڕێکی تایبەت بە ئاڵۆزییەکانی سووریە کە پەیمانگای واشینگتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناڤین پێکی‌هێنابوو، بەشداریی کرد.

لەو کۆڕەدا بەڕێز شەریف بێهرووز وێڕای بەشداری لە چەندین باس و پرسی پێوەندیدار، پرسیار و تیبینییەکانی خۆی ئاراستەی کۆڕگێڕان کرد و لەسەر رۆڵی هێزەکانی رێژیم لە ئاڵۆزییەکانی سووریە و پرسی کورد لەو وڵاتە چەند باسێکی پێشکەش کرد.

لە میانەی ئەو کۆڕەدا بەڕێز شەریف بێهرووز لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسیی بەشداری ئەو کۆڕەدا دیدار و چاوپێکەوتنی پێکهێنا.