کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگواستنی ٢ زیندانیی سیاسیی کورد بۆ قەرەنتینە/ حوکمی ١٨ مانگ زیندانی بۆ ٢ هاووڵاتیی سنەیی

18:33 - 4 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: ٢ زیندانیی سیاسیی کورد بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی سەقز راگوێزران و هاوکات ٢ هاووڵاتیی دیکەی سنەیی بە زیندان مەحکووم کران.


بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی موکریان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، رێکەوتی ٤ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، ٢ زیندانیی ئەمنیەتیی کورد بەناوەکانی بێهرووز تەهماسبی و خالید ئەمین‌پوور، بە فرمانی لێپرسراوانی زیندانی سەقز، بۆ قەرەنتینەی ئەو زیندانە راگوێزراون.
هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی موکریانەوە، هیچ زانیارییەک لە هۆکاری راگواستنی ئەو بەندکراوانە بۆ قەرەنتینەی زیندانی سەقز لەبەر دەستدا نییە.
بێهرووز تەهماسبی بە تۆمەتی هاوکاریی حیزبێکی دژبەری رێژیم بە ٤ ساڵ زیندان و خالید ئەمین‌پوور بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ١٢ ساڵ زیندانی، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە حوکم دراون.
هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، ٢ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی تەنگیسەری سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بەناوەکانی واحید دووستی و رەحمان سوبحانی لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە زیندان مەحکووم کراون.
واحید دووستی کە ماوەی زیاتر لە ٢ مانگە دەسبەسەر کراوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە یەک ساڵ و رەحمان سوبحانی بە تۆمەتی ئەمنیەتی، بە ٦ مانگ زیندان حوکم دراون.
واحید و رەحمان، ئیستا لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.

.