کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكرات بە بۆنەی بەڕێوەچوونی نۆهەمین پلینۆمی كۆمیتەی ناوەندی

16:26 - 5 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی بەڕێوەچوونی پلینۆمی نۆهەمی کۆمیتەی ناوەندییەوە، راگەیەندراوێکی بڵاو کردوە.

دەقی ئەم راگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

نۆهەمین پلینۆمی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هەڵبژێردراوی كۆنگرەی پازدەهەمی حیزب کاتژمێر ٩ی بەیانی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢١ی فێڤرییەی ٢٠١٥ی زایینی بە بەشداریی زۆربەی ئەندامانی ئەسڵی ‌و جێگری كۆمیتەی ناوەندی لە بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزب پێكهات ‌و پاش ٣ رۆژ كاری بەردەوام، ئێوارەی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٤ی رەشەمە كۆتایی بە كارەكانی هێنا.

نۆهەمین پلینۆمی كۆمیتەی ناوەندی سەرەتا بە خۆلەكێك بێ‌دەنگی‌ و بە پێوەراوەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی شەهیدان بە تایبەت شەهیدانی ئەم دوایانەی كوردستان دەستی پێكرد.

پاشان بە پێی دەستووری كاری دیاریكراو كە پێشتر بە ئاگاداری ئەندامانی رێبەرایەتی حیزب گەیشتبوو سكرتێری گشتیی حیزب بەڕێز مستەفا هیجری باسێكی سیاسی لەسەر بارودۆخی ئێستای ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێران ‌و كوردستان بەگشتی ‌و مەسەلەكانی پەیوەندیدار بە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پێشكەشی پلینۆم كرد.

لە باسە سیاسییەكەیدا سكرتێری گشتی حیزب‌ و لە پەیوەندی لەگەڵ وەزعی وڵاتانی ناوچەدا پێكهاتن، سەرهەڵدان ‌و كردەوەكانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش‌ و شوێندانەریی لەسەر دۆخی ناوچەكە سەرنجێكی تایبەتی پێدرا بوو.

لەو بەشەدا ئاماژە بە نفوزی عوامیلی كۆماری ئیسلامی ئێران، حكوومەتی بەغدا، بەشار ئەسەد، حیزبوڵڵای لوبنان ‌و هێندی لایەنی دیكە بە مەبەستی لاوازكردنی پێگەی سیاسیی سوننە ‌و كورد لە عێراق كرا بوو كە ئاكامەكەی بوو بە هۆی بەهێز بوونی داعش‌ و لەو رێگایەشەوە زەمینە خۆشكردن بۆ دەست تێوەردان‌ و نفوزی زیاتر ‌و ئاشكراتری كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق. لە هەمانكاتدا بە تێوگلاندنی كورد لە شەڕی داعشدا هەزینەیەكی گیانی‌ و ماڵی زۆری بەسەر كورددا سەپاند، ئەوەش لە حاڵێكدا بوو كە پێشتر دەسەڵاتی ناوەندی لە عێراق بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی بوو كە ئەوەش بوو بە هۆی پێكهاتنی تەنگەژەی ئابووری لە هەرێمی كوردستان ‌و لە هەل‌ومەرجێكی ئەوتۆشدا شەڕی داعش لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق زیاتر لە یەك میلیون ئاوارەی رەوانەی هەرێمی كوردستان كرد كە حەوانەوە‌ و پێڕاگەیشتن ‌و نیشتەجێ‌كردنیان قورسایەكی تایبەتی خستە ئەستۆی هەرێمی كوردستان.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئاماژە بە سیاسەتی كۆماری ئیسلامی لە شەڕی داعشدا كرا بوو كە بە نیازن مەبەستی پاراستنی ناوچە شیعەنشینەكانی عێراق ‌و دەرەتان دان بە داعش بۆ دەست بەسەرداگرتنی چالە نەوتیەكان بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی دواتر بە بیانووی گرتنەوەیان لەلایەن هێزی كۆماری ئیسلامی ئێران‌ و میلیشیا شیعەكانەوە لەو ناوچانە جێگیر بن ‌و لە دەسەڵاتی هەرێمی دەربێنن.

لە بڕگەیەكی دیكەی باسەكەی سكرتێری گشتی ‌و لە پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا مەسەلەی وتووێژی ئەتۆمی كۆماری ئیسلامی ‌و وڵاتانی ١ + ٥دا هاتبوو كە لەوانەیە كۆماری ئیسلامی ئێران ناچار بە قبوولی مەرجەكانی رۆژئاوا بی بۆ ئەوەی گەمارۆكانی لەسەر لابچێ‌. هەل‌ومەرجێكی ئەوتۆ یارمەتیدەر دەبێ‌ بۆ ئەوە ئاڵوگۆڕێكی هەرچەند كەم لە ژیان ‌و گوزەرانی خەڵكی ئێراندا پێك بێ‌. بەڵام سەركوتی خەڵك ‌و ئازادیخوازان‌ و رەوتی ئیعدامەكان هەروا درێژەیان دەبێ ‌‌و دەرەتانی دەخاڵەت ‌و دەستێوەردانی كۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچە‌ و یارمەتیدانی زیاتر بە گرووپە توندڕەو‌ و تیرۆریستەكانی بۆ دەرەخسێ‌.

لە باسە سیاسییەكەی سكرتێری گشتییدا وەزعی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی تایبەتی پێدرا بوو. ئاماژە بەوە كرابوو كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە حاڵی ئێستادا لەگەڵ كۆمەڵێك گیروگرفتی تایبەتی بەرەوڕوویە. چوونكە شەڕی داعش هێزێكی زۆری ئینسانی‌ و هەزینەیەكی قورسی ماڵی بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپاندووە، جیا لەوە كێشەی بەغدا لەگەڵ هەرێم بەچارەسەر نەكراوی ماوەتەوە، دووبەرەكی هێزە سیاسییەكانی بەشدار لە حكوومەتدا نەبڕاوەتەوە، نەبوونی فەرماندەیی یەكگرتوو بۆ هێزی پێشمەرگە ئەویش لە هەل‌ومەرجێ شەڕدا پێك نەهاتووە، خەراپی باری ئابووری چالاكیی كۆمپانیاكانی راگرتووە ‌و زۆربەی پرۆژەكان بە ناتەواوی ماونەوە، نیگەرانی سەرمایەگوزاری دەرەكی سەری هەڵداوە كە هەمووی ئەوانە گرفتی بەرچاون لەبەردەم حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا.

بەڵام سەرەڕای ئەم وەزعە درووستبوونی هاوپەیمانی رۆژئاوا بۆ لێدان لە داعش‌ و پاراستنی هەرێمی كوردستان‌ و راهێنانی هێزی پێشمەرگە ‌و چەكداركردنیان بە كەرەسەی پێویست یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەیكە خۆڕاگری خەڵكی كوردستان ئیعتبارێكی بەرچاو بۆ كورد لە كۆڕ‌ و كۆمەڵە نێونەتەوەیییەكان درووست بكا. هەر لەو كاتەدا بەرگری ‌و خۆڕاگری ئازایانە ‌و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ بیروڕای گشتی جیهانی ‌و خەڵكی عێراق ‌و بە تایبەتی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد بە شێوەیەكی بەرچاو سەرنج راكێش بوو، فشاری ئامریكا بۆ سەر عبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ نەرمی نواندن بەرانبەر داخوازییەكانی كورد ئاكامی ئەو هەڵوێست‌ و خۆراگرییەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بوو.

لەو پەیوەندییەدا پلینۆم رێز‌وپێزانینی خۆی پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد‌ و لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان هاوسۆزی ‌و هاوخەمی خۆی دەربڕی ‌و سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی بەسەر دوژمنانی كورد‌ و ئازادیدا بە ئاوات خواست.

لە بڕگەیەكی دیكەی باسە سیاسییەكەی سكرتێری گشتیدا ئاوڕ لە رەوتی ئاشتی لە نێوان حكوومەتی توركیە ‌و پەكەكە درا بۆوە ‌و ئاماژە بەوە كرا بوو كە هەرچەند ئەم رەوتە هەورازونشێوی جۆراوجۆری تێكەوتووە ‌و كەند‌وكۆسپی هاتووەتە سەر رێ بەم حاڵەش جێگای خۆشحاڵی بوو كە هیچ لایەك لەو رەوتەدا هیوابڕاو نەبوون. پلینۆم هیوای ئەوەی خواست كە ئەم رەوتە بەهەست بە بەرپرسایەتی زیاتر ‌و درێژەدان بە رەوتەكە ئەم مەسەلەیە بە ئەنجامی دڵخواز بگەیەنن كە هەم لە بەرژەوەندی كورد‌ و هەم وڵاتی توركیەدا دەبێ‌.

لە باسە سیاسییەكە ‌و لە پەیوەندی لەگەڵ كوردستانی رۆژئاوادا پلینۆم خۆشحاڵی خۆی لە رزگاربوونی كۆبانێ ‌‌و سەركەوتنی شەڕوانان ‌و هێزی پێشمەرگە دەربڕی ‌و هەڵوێستی توركیەی بە رێگەدان بە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەشداری لە شەڕی داعش لە كۆبانێ ‌‌و یارمەتی گەیاندنی بە شەڕوانان بە هەڵوێستێكی ئەرێنی سەیر كرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا‌و لە كاتیكدا كە شكستهێنان بە داعش لە كۆبانێ‌ ‌و دەورووبەری شەپۆلێكی شادی‌ و شانازیكردن بەرانبەر بە شەڕوانان ‌و هێزی پێشمەرگەی تەنانەت لە رادەی ناوچەیی ‌و جیهانیدا لێكەوتەوە‌ و هەر بەم بۆنەشەوە پلینۆم رێزی تایبەتی خۆی بۆ شەڕوانان‌ و هێزی پێشمەرگە دووپات كردەوە ‌و لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی ئەو خۆڕاگرییە هاوسۆزی‌ و هاوخەمی نیشاندا. لە هەمانكاتدا ئەو كەمایەسییەشی لەبەرچاو بوو كە ناهەماهەنگی‌ و یەك نەگرتوویی هێزە سیاسییەكانی كورد لە كوردستانی رۆژئاوا لە بەڕێوەبردنی هاوبەشی ناوچەكان هەروا لە جێگای خۆیەتی ‌و مەسەلەیەكە كە پێویستە گرینگی زیاتری پێ بدرێ‌.

لە باسە سیاسییەكەی سكرتێری گشتیدا وەزعی كوردستانی رۆژهەڵات گرینگی تایبەتی پێدرا بوو هەروەها ئاماژە بەوە كرا بوو كە لە ماوەی نێوان پلینۆمی پێشو‌و و ئەم پلینۆمەدا بێجگە لە خراپتربوونی وەزعی ژیان ‌و گوزەرانی خەڵك، ئەمنییەتیتر كردنی زیاتری كوردستان‌ و چوونە سەرێ‌رێژەی ئیعدامەكان ‌و پێكهێنانی كەش ‌و هەوایەكی پر زەبر‌وزەنگ‌ و لە دڵخۆرپە بۆ خەڵك، بە تایبەتی بۆ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی ئاڵوگۆڕی ئەرێنی بەرچاو ناكەوێ‌. بەڵام سەرەڕای ئەم وەزعە نیشانەكانی بەربەرەكانی خەڵك لە دەرفەتە جۆراوجۆرەكاندا دەبیندرێ‌كە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی كورد لە ئورمیە ‌‌و خۆپیشاندانەكانی خەڵكی كوردستان بۆ پشتیوانی لە شنگاڵ ‌و كۆبانێ‌ ‌و مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانەكان نموونەیەكن لەو چالاكیانە، پلینۆم بە چاوی رێزەوە روانیە ئەو چالاكییانە ‌و وێڕای مەحكومكردنی كۆماری ئیسلامی لە ئیعدامی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد هاوسۆزی‌ و هاوخەمی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی ئەم دوایانە دەربڕی.

لە بڕگەیەكی دیكەی كاری پلینۆم ‌و لە پەیوەندی لەگەڵ راسپاردەی كۆمیتەی ناوەندی پەیوەندیدار بە مەسەلەی ماڵی حیزب ‌و گرتنەبەری رێكارێكی پێویست بۆ ئەم مەسەلەیە راگەیەندرا كە لەو بارەوە هەنگاوی ئەرێنی لە زۆر بارەوە هەلگیراوە. بۆیە پلینۆم سوپاسی هەموو ئەندامان، بنەماڵەكان ‌و ئورگانەكانی حیزب و هەموو ئەوانەی كرد كە یارمەتیدەر بوون، بە تایبەت كۆمیتەكانی حیزب لە دەرەوەی وڵات كە هەوڵ‌ و هەنگاوەكانیان ئەرێنی ‌و جێگای پێزانین بوو.

بڕگەیەكی دیكەی باسەكان بریتی بوو لە گوێگرتن ‌و باس كردنی رەوتی وتووێژەكان لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو لەو پێوەندییەدا پلینۆم پشتیوانی لە هەوڵی دەفتەری سیاسی بۆ درێژەدان بە وتووێژ لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو بە مەبەستی یەكگرتنەوە لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا كرد ‌و دەفتەری سیاسی راسپاردەوە كە لە چوارچێوەی بڕیاراتی حیزبدا هەوڵی جیددیتر بدا.

دوایین بڕگەی كاری پلینۆم باس‌ و رادەربڕین لەسەر گەڵاڵەیەكی ساختاری حیزب بوو كە پلینۆمی پێشوو هەیئەتێكی بۆ ئامادەكردنی دەستنیشان كرد بوو. ئەو گەڵاڵەیەش پاش بەشداری چالاكانەی ئەندامانی پلینۆم لە باسكردن ‌و دەربڕینی راوبۆچوونەكانیان لەسەر ئەو گەڵاڵەیە بڕیار درا هەیئەتی دەستنیشانكراو جارێكی دیكە بە لەبەرچاوگرتنی راوبۆچوونەكانی پلینۆم بە گەڵاڵەكەدا بچێتەوە‌و پاش گونجاندنی پێشنیارەكان لە پلینۆمی داهاتوودا بخرێتەوە بەرچاوی پلینۆم.

نۆهەمین پلینۆمی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی ١٥ی حیزب ئێوارەی رۆژی دووشەمە رێكەوتی ٤ی رەشەمە،٢٣ی فێڤرییەی ٢٠١٥ زایینی كۆتایی بە كارەكانی هێنا.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٥ی رە‌شەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی
٢٤ی فێڤرییەی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی