کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی یەکیەتیی خویندکارانی دێمۆکراتی کوردستان ئێران سەبارەت بە رفاندنی قوتابیان کورد

19:59 - 31 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان ئێران، بەیتاننامەیەکی سەبارەت بە دیاردەی رفاندن و کوشتنی منداڵان و قوتابیان! لە شاری بۆکان، بڵاو کردەوە.

خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!

مامۆستایان، قوتابیان و خوێندکارانی دەروەستی کورد!

هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن ماوەیەکە لە شاری قارەمان پەروەری بۆکان، دیاردەیەکی دزێوی کۆمەڵایەتی لە حاڵی پەرەسەندن دایە و کۆمەڵێک لە قوتابیانی پۆلەکانی ناوەندی و دواناوەندی ئەم شارە لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە دەڕفێنرێن و بەرەوڕووی بێ‌رێزی و ئازاری جەستەیی و دەروونی دەبنەوە. بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەم تاوانە نگریسە، لە چەن رۆژی رابردوودا کۆمەڵێک لە فەرهەنگییەکان و مامۆستایانی ئەم شارە داوای داخستنی قوتابخانەکانیان کردووە. ئەوەی کە لێرەدا جێگای تێڕامانە، هەڵوێستی نابەرپرسانەی ناوەندە ئەمنیەتی و سەربازییەکانی رێژیمی سەدە نێوەڕاستیی کۆماری ئیسلامییە کە بەرانبەر بە سکاڵاکانی خەڵکی شاری بۆکان خۆیان کەڕ و کوێر کردووە و وڵامێکی ئەوتۆیان پێیان نەداوەتەوە، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بە بیانووی سەقامگیر کردنی ئەمنیەت، بست بە بستی خاکی کوردستان بە هێزی ئەمنیەتی و سەربازی تەنراوە کە چی لەمەڕ دیاردەگەلێکی وەها بە هیچ جۆرێک خۆیان بە بەرپرسیار نازانن و بێ‌دەنگیی لێ دەکەن.

هاونیشتمانانی خۆشەویست!

چییەتی و ناوەڕۆکی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خوێندن و چوونەسەرەوەی ئاگایی خەڵک ناتەبایە و هەر بۆیەش بە رێگەپێدان و پاڵپشتی لە وەها تاوانبارانێک دەیهەوێت بە چەشنێک فەزای نائەمن لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن لە شارەکانی کوردستان دروست بکات و پیرۆزیی قوتابخانە و خوێندن خەوشدار بکات. لەم پێناوەشدا و بەدژی ئەو سیاسەتە نگریسە، خەڵکی تێکۆشەری شاری بۆکان دەیانهەوێت رۆژی هەینی خۆپیشاندانێک بەڕێوە ببەن و کەمتەرخەمی و سیاسەتی نابەرپرسانەی رێژیم لەو پێوەندییەدا شەرمەزار بکەن. لێرەدا پێویستە ئێمە هەموومان دەنگی خۆمان بخەینە پاڵ دەنگی خەڵکی قارەمانی بۆکان و پشتیوانییان لێ بکەین. هەر بۆیەش داوا لە گشت خوێندکاران، مامۆستایان و قوتابیانی کورد و هەروەها خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان دەکەین کە لە گشت شارەکانی کوردستان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و بە شێوازگەلی جۆراوجۆر سیاسەتە ئاژاوەگێڕانە و دژەمرۆیی رێژیم شەرمەزار بکەن.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
31ی خاکە لێوەی 1391