کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتیی كۆمەڵێك لە ژنانی شاری بۆكان لە پێوەندی لەگەڵ رفاندنی منداڵان

20:21 - 31 خاکەلێوه 2712

كوردستان میدیا: یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، بە مەبەستی پشتیوانی لە ناڕەزایەتیی كۆمەڵێك لە ژنانی شاری بۆكان لە پێوەندی لەگەڵ رفاندنی منداڵان راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.

ژنانی مافخواز و ئازادیخوازی كوردستان!
ژنان و منداڵانی بێتاوانی شاری بۆكان!

بە داخەوە ماوەیەكە لە شاری بۆكان شاهیدی دیاردەیەكی دزێوی كۆمەڵایەتی بە ناوی رفاندنی منداڵان بووین كە داویین نموونەی ئەم دیاردەیە، رفاندن و كوشتنی سومەیە فەیزۆڵاپوور، قوتابییەكی شاری بۆكان بوو. ئەم دیاردە دزێوە كۆمەڵایەتیە وەك هەموو دیاردەكانی دیكە ئاكامی نەبوونی بەرنامەیەكی تایبەت بۆ بەرەنگاری لەگەڵ دیاردە دزێوە كۆمەڵایەتیەكان و هەروەها سیاسەتی نادروستی نائەمن كردنی شارەكانی كوردستانە.
ژنانی كوردستان لە كاتی پێویستدا لە بەرامبەر پرس و كێشەكاندا هەڵوێستی خۆیانیان هەبووە و بە هەر شێوازێكی مومكین و گونجاو بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەمەبەستی چاكسازیی دۆخی كۆمەڵگا هەنگاویان هەڵێناوە. ئەمجارەش ژنانی قارەمان و نەترسی شاری بۆكان بە هەست بە بەرپرسایەتی لە بانگەوازێكدا، داوایان لە دایك و باوكە دڵسۆزەكانیان كردووە كەلە دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی، كاتژمێر 5ی پاشنیوەڕۆ لە پاركی ساحلیی بۆكان كۆ ببنەوە و لە حەرەكەتێكی هێمن و ئارامدا ناڕەزایەتیی خۆیان لەم بارودۆخەی هەنووكەیی شارەكەیان دەرببڕن.
یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی لەم حەرەكەتە، سیاسەتەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و بەتایبەت دژ بە ئەمنیەتی نەتەوەی كورد لە كوردستانی ئێرانی مەحكووم دەكات و داوا لە هەموو كۆڕ و كۆمەڵە نێونەتەوەییەكان دەكەین كە تیشك بخەنە سەر ئەم بارودۆخە هەنووكەییەی ناو كۆمەڵگای كوردستان و بە پشتیوانی لە منداڵانی بێتاوانی كورد، سیاسەتەكانی دژ بە مرۆڤایەتی كۆماری ئیسلامی لەقاو بدەن.

یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
31/1/1391ی هەتاوی