کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەنراو/ حیزبی دێموکرات تەقینەوەی تیرۆریستیی شاری ئامەدی مەحکووم کرد

22:17 - 16 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە پێوەندی لەگەڵ تەقینەوەی تیرۆریستیی شاری ئامەد لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پارلمانیی تورکیە، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو راگەیەنراوە بەم چەشنەیە:

ئێوارەی رۆژی هەینی رێکەوتی ٥/٦/٢٠١٥ی زایینی بەرانبەر بە ١٥/٣/١٣٩٤ی هەتاوی، واتە دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنەكانی توركیە ‌و رۆژێك بەر لە كۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن، دەستێكی ناپاك ‌و دوژمنكارانە، دوو تەقینەوەی بە مەودای زەمانیی ٥ خولەك لە نێو ئاپۆڕای خەڵكی بەشدار لە متینگی چەند هەزار كەسیی HDP لە گۆڕەپانی ئێستاسیۆنی ئامەد ئەنجام دا كە بەداخەوە ٤ كوژراو ‌و زیاتر لە ٤٠٠ برینداری لێ كەوتەوە.

لەو پێوەندیەدا دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكووم كردنی توندی ئەو كردەوە تیرۆریستییە ‌و بەداخ‌بوونی بۆ گیان لە دەستدانی قوربانییانی ئەو كردەوە تیرۆریستییە، ئاواتی چاك‌بوونەوەی هەرچی زووتری زام هەڵگرتووەكان دەخوازێ ‌و ئەو كردەوە تیرۆریستییانە لەلایەن هەركەس ‌و لایەنێكەوە بێ، شەرمەزاری دەكا. هاوكات سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گیان لەدەست داوەكان دەكا ‌و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ. هەروەها هیوادارین كە ئەم كردەوە تیرۆریستییانە شوێن لەسەر ئیرادەی لێبڕاوانەی خوشك ‌و براكانمان لە باكووری كوردستان دانەنێ ‌و پرۆسەی هەڵبژاردن لە رەوتی ئاسایی خۆیدا بەرەوپێش بەرن.

نەمان بۆ تیرۆریزم ‌و تیرۆریست‌پەروەرەكان
سەركەوتن بۆ ئازادی ‌و رزگاریی گەلان

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٦/٦/٢٠١٥ی زایینی
١٦/٣/١٣٩٤ی هەتاوی