کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رووبەڕووبوونەوەی ئامریکا، لە قسەوە تا کردەوە

18:32 - 31 بانەمەڕ 2719

ئارش ساڵح

بێگومان رووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئامریکا بابەتێک نییە کە تەنیا پێوەندیدار بەم دەوڵەتەی ئێستا یان کێشەی ناوکی بێت، بەڵکوو تەنانەت لە کاتی دەوڵەتی پێشووی ئامریکادا و هاوکات دوای رێککەوتنی ناوکیش هێشتا ئێران و ئامریکا نەیانتوانی ئەو رێککەوتنە بگوازنەوە بۆ رەهەندەکانی تری پێوەندییەکانیان. ئەمە یەکەمجار نییە کە لە پێوەندییەکانی نێوان ئامریکا و ئێراندا پێشکەوتنێک ساز دەبێت و بەڵام دوای ماوەیەک دەگەڕێتەوە بۆ دواوە.

بۆوێنە لە سەردەمی شەڕی ئەفغانستان و هەروەها شەڕی داعشدا لە هەندێ زەمینەدا هاوکاری هاتە ئاراوە و تەنانەت هەندێ دانیشتنی سێ قۆڵی لە عێراق لە نێوان ئێران، ئامریکا و عێراقییەکان هاتە ئاراوە بەڵام هیچکام لەم باسانە نەبۆتە هۆی ئەوە کە پێوەندی ئێران و ئامریکا بچێتە خانەی پێوەندی ئاساییەوە، بەڵکوو بەپێچەوانە هەموو ئەو گۆڕانکارییە کاتیانە زیاتر وەکوو چەند جووڵەی شەترەنجێکی گشتگیرتر لە نێوان ئامریکا و ئێراندا دێنە بەرچاو، شەترەنجێک کە زۆر دوژمناوییە.

بۆیە ئەمە زۆر راستە کە بگوترێت کێشەی ئێران و ئامریکا کێشەیێکە کە لە بابەتی وەکوو باسی ناوکی و مووشەکی زۆر قووڵترە. رۆڵی کێشەی ناوکی و مووشەکی لەم پێوەندییەدا تەنیا زەقکردنەوەی زیاتری کێشەکەیە، واتە لەبەر ئەوەی چییەتی کیشەکانی نێوان ئێران و ئامریکا پێوەندی بە خودی هەوڵی ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی و مووشەکییەوە نییە هەر بۆیە چارەسەری ئەو کێشانەش ناتوانێت ببێتە هۆی ئەوەیکە کێشە بنەڕەتییەکە چارەسەر ببێت.

بۆ زیاتر تێگەیشتنی چییەتی کێشەکە پێویستە بگوترێت کە ئەم کێشەیە باشترە وەکوو کێشەی ئێران لەگەڵ نەزمی جیهانی پێناسە بکریت واتە کێشەی ئێران لەگەڵ ئامریکا زیاتر لەهەر شتێک کێشەیەکە کە ئێران لەگەڵ نەزمی جیهانی هەیەتی. هەروەها کێشەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و عەرەبستانیش دەتوانێت بکەوێتە خانەی دژایەتی ئێران لەگەڵ نەزمی جیهانی و پارێزەرەکانی لە ناوچەکە. بۆ پێناسەکردنی هەڵسوکەوتی ئێران باشتر ئەوەیە لە چەمکێک کەڵک وەربگرین کە کیسینجێر دایهێناوە و ئەویش وڵاتی شۆرشییە؛ واتە ئێران بە هۆی تایبەتمەندیێکەوە کە هەیەتی لە بەرامبەر ئەو نەزمەی کە جیهانی لەسەر بنیات نراوە ئاراستەیەکی سەرکێشانەی هەیە و دەیەوێت بە پشت بەستن بە مێژوو و شوناسی ئیسلامی و فارسی خۆی، رۆڵێکی گێرەشیوێنانەی لەو نەزمەدا هەبێت.

بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا لەم دۆزەی ئێستادا کە گرژی نێوان ئامریکا و ئێران بەرز بۆتەوە، کاتی ئەوە هاتووە کە ئامریکا وەکوو پۆلیسی ئەم نەزمە جیهانییە کۆتایی بەم کێشەیە بێنێت؟ ئایا لە چاوی ئامریکاییەکانەوە ئەم کۆتاییە دەتوانێت چۆن بێت؟ هەردوو پرسیارەکە گرینگی تایبەتیان هەیە لە رێکخستنی تێگەیشتنمان لە دۆخی هەنووکەیی و ئاراستەکردنی لێکدانەوەکانمان. لە راستیدا هەروەک لە نەزمی ناوخۆیی هەر کۆمەڵگایەک هەوڵی کۆمەڵگا ئەوەیە کە بە کەمترین دەسبردن بۆ توندوتیژی، یاساکان بە باشترین شێوە بچەسپێندرێن، لە گۆشەنیگای ئامریکاوە ئەگەر ئێران هەڵسوکەوتی خۆی بە تەواوەتی بگۆڕێت و دەست لە بەرنامە مەترسیدارەکانی خۆی بەربدات، ئەوا بەشێکی زۆر لە کێشەکە چارەسەر بووە، تەنانەت ئەگەریش ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی تەواو بۆ کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی نەگەڕێتەوە و بە گشتی ملکەچی نەزمەکەش نەبێت؛ بەڵام مادامێک کە مەترسی ئێران لەسەر ئەو نەزمە و بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی نەمێنێت کێشەکە لە چاوی ئامریکاوە چارەسەر کراوە.

بەڵام لەلایەکی ترەوە ئێران کە شوناس و هەبوونی خۆی بە دژایەتی کردنی ئەو نەزمە گرێ داوەتەوە، ملکەچبوون بەو خواستەی ئامریکا وەکوو مەترسییەک لەسەر هەبوونی خۆی دەبینێت. ئەم دۆخە وای کردووە کە ئێران وئامریکا لە دوای چل ساڵدا ئێستا لەم شوێنەدا بن کە هەن. لەلایەکی ترەوە ئێران دەزانێت کە رووبەڕووبوونەوەیەکی تەواوعەیاریش دەتوانێت ببێتە هۆی هەمان مەترسی لەسەر هەبوونی رێژێمەکە، بۆیە کۆماری ئیسلامی کە بەردەوام بوونی رێژیمەکەی ئەولەویەتی یەکەمیەتی، گەیشتۆتە ئەو قەناعەتە کە بۆ ئەوەی هەم خۆی لە مەترسییەکانی خۆبەدەستەوەدان و هەم لە مەترسییەکانی شەڕ بپارێزێت، لەسەر سنووری ئاستانەی تەحەمول یان(Threshold of Tolerance)  ی ئامریکا جووڵە و رێ بکات.

بەپێی ئەم لێکدانەوەیە دەتوانین چوارچێوەیەکی خوێندنەوەمان بۆ ئەو تەقینەوانەی ئەم دوواییانە هەبێت. ئێران دەیەوێت لە رێگەی هەندێک هێرشی کەم پرۆفایل بە رێگە چوون لەسەر ئەو سنوورەی ئاستانەی تەحەموولی ئامریکا، جیددی بوونی ئەو وڵاتە لە رووبەڕووبوونەوە تاقی بکاتەوە. ئامانجی ئێران لەو کارە ئەوەیە کە بتوانێت ئەو قووڵاییە ئێستراتیژیکە کە لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا هەوڵی داوە کە سنوورەکانی لە عێراق، سووریە و لوبناندا بنیات بنێت لە کیس نەدات و هێدی هێدی ماسووڵکەکانی لەو شوێنانە بجووڵێنێت. تێگەیشتنی ئێران دەتوانێت ئەوە بێت کە بۆ ئەوەی ئەم گوشارانە هێزی جووڵەی ئەو وڵاتە لەو شوێنەی کە بە قووڵایی ئێستراتیژیکی خۆی دەزانێت لێ نەستێنێن، پێویستی بەو جووڵە کەمەی ماسووڵکەکان هەیە. هۆکاری گرینگی ئەم باسەش ئەوەیە کە ئێران دۆکتۆرینی بەرگری خۆی زۆر گرێداوی ئەو قووڵاییە ئێستراتیژیکە دەکات.

لە کاتی ئێستادا ئەگەری ئەوەیکە ئەم باسە بگوازرێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی پێوەندی بە دوو بابەت هەیە؛ یەکەم ئەوەیکە ئایا ئامریکا لە ناو ماڵی خۆی، لە ناوچە و لە دنیادا هەست بەو ئامادەبوونە دەکات کە وڵامێکی قوورسی سەربازی لە ئێران بدات یان نا؟ واتە ئیشتیای ئامریکا بۆ شەڕ لە چ ئاستێکدایە؟ دووهەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئایا ئێران تا چەند ئامادە بێت بۆ جووڵەی ماسووڵکەکانی لە قووڵایی ئیستراتیژیکی خۆی بچێتە پێشەوە.

لە کاتی ئێستادا کە ئەم وتارە دەنووسرێت بڕیارە سبەینێ وەزیری دەرەوەی ئامریکا و چەند کەسی پلەبەرزی دیکە سەردانی کۆنگرەی ئامریکا بکەن و ئاکامی ئەو کۆبوونەوەیە دەتوانێت لە رادەی ئامادەبوونی ناو ماڵی ئامریکا زۆر کاریگەر بێت. هەروەها پێشتر ئامریکا هەوڵی داوە بە گرتنەبەری هەندێ رێوشوێن لە ناوچەکە خۆی ئامادە بکات. لەلایەکی ترەوە ئێران کە پێی وابوو هاوکاری ئەوان لەگەڵ رووسیە لە سووریە خاڵێکی بەهێزە لە سیاسەتی ناوچەییدا، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە رووسیە ناتوانێت رەقابەتی ئێران لە سووریە قەبووڵ بکات بۆیە ئەو هاوکارییە بە جۆرێک بۆتە خاڵی لاواز لەبەر ئەوەی ئێستا بەو هۆیەوە لە روانگەی رووسەکانیشەوە لێدانی ئێران لە لایەن ئامریکاوە دەتوانێت لە درێژەی بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە سووریە بێت. رووسەکان پێویست ناکات کە نیگەرانی دواتر بن لەبەر ئەوەی بە هۆی پێویستی لە رادەبەدەری ئێران بەوان، دوای لێدرانی ئێحتیمالی ئێران ئەو وڵاتە دیسان ناچارە بگەڕێتەوە لای رووسیە.   

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.