کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی جیهانی چاپەمەنیی ئازاد پیرۆز بێت

20:18 - 14 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران، دەسەڵاتیکە کە باوەڕی بە ئازادی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی ئازاد نییە و بەشێوەی سیستماتیک هەوڵ بۆ پێشێل کردنی مافی ئازادی ڕاگەیاندن دەدات.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٠ی دێسامبری ١٩٩٣ی زایینی، لە ٤٨مین دانیشتنی خۆیدا ٣ی مانگی مەی زایینی، بەرامبەر بە ١٢ی بانەمەڕی هەتاوی، وەکوو"ڕۆژی جیهانی ئازادی چاپەمەنی" لە ڕاستای گشتگیربوونی بڵاوکی ئازاد و سەربەخۆ لە سەرانسەری جیهان وەکوو بەشێکی پێویست بۆ کۆمەڵگای دێموکراتیک دیاری کرد.

ئازادی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی لە لایەن زۆربەی وڵاتانی جیهان وەکوو گارانتی بۆ مافی میدیاکان قەبووڵ کراوە و تەنانەت لە زۆربەی وڵاتەکانیشدا لە یاسای بنەڕەتی جێگیر کراوە کە دەبێ لە ئازادی چاپەمەنیی و ڕاگەیاندن پاڵپشتی بکەن.

لە ئێراندا بارودۆخی میدیاکان و چاپەمەنیی بە هۆی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕێژیمی ئێران و سیاسەتە دژەمرۆییەکانی و نادێموکراتیک بوونی یاسا و سیستمی ئەو ڕێژیمە زۆر نالەبارە؛ ڕێژیم بە سەرکوت کردن و داخستنی بڵاڤۆکەکان و نەدانی مۆڵەت به میدیای ئازاد و سەربەخۆ، هەروەها دەسبەسەر کردنی ڕۆژنامەوانان و سانسۆر، تێدەکۆشێ مافی وەرگرتنی زانیاری و دەربڕینی بیروڕا لە خەڵک بستینێ.

بە پێی دوایین ڕاپۆرتی هەواڵنێرانی بێ سنوور، ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا، هیچ پێشکەوتنێکی تایبەتی لەو بوارەدا بەخۆیەوە نەدیوە و لە ڕیزبەندییەکدا کە بڵاو کراوەتەوە، ئێران لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهان، پلەی ١٦٤ی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە،هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران یەکێکە لە پێنج زیندانی گەورەی جیهان بۆ ڕۆژنامەنووسان.

ڕێژیمی ئێران کە دژایەتی تەواوی هەیە لەگەڵ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ، هەموو خاڵەکانی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات و دوژمنی سەرەکی ڕۆژنامەوانان و نووسەرانی ئازاد و گەیاندنی ڕاستیی ڕووداوەکان و دانی زانیاری دروست بە هاووڵاتیانە، کە لە کوردستان زۆر لەبەرچاو و نالەبارترە.

ڕێژیمی ئێران لە مێژووی خۆیدا بە هیچ شێوەێک ڕێگەی نەداوە کە میدیایەکی ئازاد و سەربەخۆی کوردی لە ڕۆژهەڵاتدا چالاکی بکات و بەردەوام گوشاری هێناوە بۆ چاپەمەنییە کوردییەکان و بە ئیزن نەدان و سانسۆر و دەسبەسەرکردنی نووسەران و ڕۆژنامەوانانی کورد، زۆرترین هەوڵی داوە بۆ زیاتر داخراوکردنی کۆمەڵگای کوردستان.

خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو هەموو گوشارەی ڕێژیم، چالاکی ڕۆژنامەوانی و هەوڵدان بۆ گەیاندنی زانیاریی نوێ بە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بەردەوامە.

بەم بۆنەوە لەلایەن دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەوانان و میدیاکارانی دەروەستی کورد دەکەین کە بەردەوام هەوڵ بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەدەن.