کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆیتێرز: ئێران هێرشی کردە سەر مەقەڕی حیزبێکی کوردی ئۆپۆزیسیۆن

16:15 - 18 خەرمانان 2718

شەممە، ٨ی سێپتامبر

وەرگێڕان: ڕەزا فەتحوڵانژاد

رۆیتێرز ـ بەپێی وتەی بەرپرسانی کوردی عێراق، ئێران ڕۆژی شەممە هێرشی کردە سەر مەقەڕی حیزبێکی کوردی ئۆپۆزیسیۆن لە باکووری عێراق، لانیکەم ١١ کەسی کوشت و ژمارەیەکی زۆر زیاتری بریندار کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI)، حیزبێکی کوردی ئۆپۆزیسیۆن کە بۆ خودموختاری بۆ کۆمەڵگای کوردستان لە ئێران خەبات دەکات، وێنە و فیلمی پەیوەندیدار بە تەقینەوەکان و بریندارەکانی لە مەقەڕەکانی لە کۆیە، لە ناوچەی نیوەخودموختاری کوردستانی عێراق لە تویتێردا بڵاو کردووەتەوە.

فەرماندە جەبار یاوەر، وتەبێژی هێزی ئاسایشی پێشمەرگەی کوردستانی عێراق لەو بارەوە وتی: "بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، ١١ کەس کوژراون و لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ کەس بریندار بوون".

"هێرشەکە ئەم سەرلەبەیانییە کراوەتە سەر کۆنفرانسێکی دەفتەری سیاسی ئەم حیزبە".

ئەو دەڵێ هێرشەکە لە خاکی ئێرانەوە ئەنجام دراون، بەڵام هێشتا دەوڵەتەکەی نەیتوانیوە ساخ ببێتەوە کە داخوا هێرشی ئاسمانی بوون یان لە زەوییەوە کراون.

هەوڵەکان بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران و پرسینی راوبۆچوونی بێ ئاکام بووە و هەواڵدەرییە سەرەکییەکانی ئێران هیچ راپۆرتێکیان لەو رووداوە ڕووماڵ نەکردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تویتە پشتڕاستکردنەوەکەیدا نووسیویەتی: "ئێران لە هێرشە هاوکاریکراوەکەی بۆ سەر بارەگاکانی PDKI و کەمپەکانی پەنابەران لە تەنیشتی ئەو بارەگایانە، لە مووشەکی دوورهاوێژ کەڵکی وەرگرتووە ".

جەبار یاوەر وتی ئەو ناوچەی هێرشی کراوەتە سەر، کەمپێکی دانیشتنی بنەماڵەکانی ئەندامانی ئەم حیزبەی لێیە.

ئێران لە رابردوودا بارەگاکانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تۆپباران کردووە.

ڕۆژی هەینی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە کەوتووەتە بەر پەلاماری تۆپبارانەوە، بەڵام هیچ خەسارێکی گیانی بەدواوە نەبووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستانی هێرشە مووشەکییەکەی ڕۆژی شەممەی مەحکووم کرد و رایگەیاند کە دەبێ رێز بۆ یاسا و سەروەریی خاکەکەی دابندرێت.

توکیەش ئەمساڵ هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکووری عێراق زیاد کردووە. بە شێوەی بەردەوام هێرش دەکاتە سەر مەقەڕەکانی پەکەکە لە قەندیل لە نزیک سنووری ئێران، ئەو شوێنەی کە ئانکارا پێی وایە ئەندامە پلەبەرزەکانی ئەو گرووپە چەکدارەی تێدایە.