کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێبەرێکی سەپێندراو و داهاتوویەکی نالەبار!

12:00 - 16 جۆزەردان 2722

ئاسۆ مێنبەری

لە دوای مردنی خومەینی لە ڕۆژی ١٤ی جۆزەردانی ٦٨ی هەتاویدا، وەکوو ڕێبەری ئەوکاتی ڕێژیمی ئێران، بەرپرسان و ئاخوندەکانی ڕێژیم بیریان لەوە کردەوە کە کەسێک لە جیاتی خومەینی بۆ بەدەستەوەگرتنی کاروباری ڕێژیمەکەیان دیاری بکرێت. لەڕاستیدا بەپێی ئەسڵی ١٠٩ی یاسای بنەڕەتیی ئەوکاتی ئێران، دەبوو ئەو کەسە لە مەراجعی تەقلید بێت یان ئەوەی کە شۆرایەک بۆ ڕێبەریکردنی کاروبارەکە دیاری بکرێت، بەڵام بێگومان خامنەیی کە وەکوو جێگری خومەینی دیاری کرا و دواتریش بوو بە ئیمام و وەلی فەقیه لەم نیزامە سیاسییەدا، وەکوو مەرجەعی تەقلید نەناسرابوو؛ دواتریش باسێک هاتە ئاراوە سەبارەت بەوەی کە گوایە خامنەیی وەکوو ڕێبەرێکی کاتی دانراوە، باسێک کە بە هیچ شێوازێک لە یاسای بنەڕيتیشدا باسی لێوە نەکرابوو، هەر بۆیە تاقمێک لە ئاخوندەکان و لەوانەش هاشمیی ڕەفسەنجانی و ئەحمەدی خومەینی، خامنەییان وەکوو ڕێبەر بە سەر خەڵکانی ئێراندا سەپاند کە پاش تێپەڕبوونی ٣٣ ساڵ ئێستاش هەر ئەم ڕێبەرە کاتییە لە سەر کورسیی دەسەڵاتە و حوکم دەکات، کوشتوبڕ دەکات و سامانی خەڵکانی ئێران بەتاڵان دەبات.

بەڵام ئەوەی کە بابەتی ئەم کەتوارەیە بڵاوبوونەوەی فایلێکی دەنگییە کە گوایە تێیدا باس لەوە دەکرێت کە خامنەیی لە لایەن خودی خومەینییەوە بۆ ئەم پۆستە دیاری کراوە!

بڵاوکردنەوەی ئەم فایلە دەنگییە لە ماڵپەڕی خودی خامنەییدا و ئەویش لە ٣٣‌یەمین ساڵمەرگی خومەینیدا دەتوانێ چەندین پەیامی پێ بێت.

لە ڕاستیدا لەپاش ناڕەزایەتییەکانی ٩٨ی هەتاوییەوە کە وەکوو یەکێک لە خوێناویترین ناڕەزایەتییەکان لە مێژووی ئێراندا دەکرێ چاوی لێ بکرێت، ڕێژیمی ئێران بە ڕێژەیەکی زۆر تووشی قەیرانی ڕەوایی بوو، بەڵام ئەم قەیرانی ڕەواییە تەنیا بۆ نیزامە سیاسییەکە نەبوو، چونکە جیا لە تەواویەتیی ڕێژیمی ئاخوندی، خودی خامنەیی وەکوو سەرقافڵەی نەهامەتییەکان ئامانجی دروشمی ناڕازییان بوو.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، دۆخی ئێران بەگشتی لە بوارە جیاجیاکانی ئابووری، سیاسی، نێونەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و زۆر بواری دیکەوە وای کردووە کە خەڵکانی ئێران بە بچووکترین هۆکار دەڕژێنە سەر شەقامەکان و دەرفەتێک دەدۆزنەوە بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین نەک تەنیا بە دۆخی هەنووکەیی بەڵکوو بە تەواوییەتی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی، بە ڕێبەرانیشییەوە!

هەر بۆیە لە ساڵانی ڕابردوودا ترۆپکی هەموو ناڕەزایەتییەکان دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی وەکوو ڕێبەری ئێستای ڕێژیم بووە، کە ئەمە بەواتای لەدەستدانی ڕەوایی دەسکردی خامنەیی وەکوو کەسێکە کە بە بەردەوامی خۆی بە ڕێبەری خەڵکانی ئێران و لەوەش زیاتر تەواوی موسوڵمانانی جیهان زانیوە و لە هەموو ئەم ساڵانەدا حوکمی بەسەردا کردوون.

کەوایە یەکێک لەو پەیامە گرینگانە کە پاش بڵاوبوونەوەی ئەم فایلە دەنگییە دەکرێ وەربگیردرێت نەمانی ڕەوایی ڕێژیمە و لە سەرووی هەمووشيەوە، خودی خامنەییە! خامنەیی بە بڵاوکردنەوەی ئەم فایلە دەنگییە لە ڕاستیدا دەیهەوێ بۆ وەرگرتنەوەی ڕەوایی لەدەستچووی خۆی پەنا بباتە بەر خومەینی! کەچی لە ساڵی ٥٧ی هەتاوییەوە و لەپاش بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشەوە، تاکوو ئێستا نەک تەنیا بە ڕێزەوە باس لە خومەینی ناکرێ بەڵکوو بەردەوام وەکوو سەرچاوەی نەهامەتییەکان بۆ خەڵکانی ئێرانیش ناوی لێ دەبردرێ! تا ئاستێک کە بەپێچەوانەی ئەو پیلانەی کە لە ماوەکانی ڕابردوودا ڕێژیم دەستی بە جێبەجێکردنی کرد و بە تۆمارکردنی سروودێک لە ژێر ناوی "سلام فرماندە" ویستی نەوەی نوێ و بەقەولی خۆیان دەیە نەوەدییەکان لەگەڵ کاروانی ڕێژیمە ئاخوندییەکەیان بخەن، هەر ئەو نەسڵە نوێیەش ئێستا باش دەزانن کە سەرچاوەی هەموو کێشەکانیان هەبوونی خودی ئەو ڕێژیمەیە! و ئەمە ئەو کەتوارەیە کە بە تێپەڕبوونی کات و سەرەڕای هەموو دەستێوەردانەکان و بەلاڕێدابردنەکان لە لایەن ڕێژیمەوە، گوازراوەتەوە بۆ بەرەی داهاتوو!

نەوەیەکی نوێ کە بەپێچەوانەی ویست و خواستی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم باش لە چییەتیی ئەم ڕێژیمە دڕندەیە تێگەیشتوون و تەنیا داهاتوویەکی نالەباریان پێ بڕاوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم فایلە دەنگییە هەندێک لە ئاخوندەکانی ڕێژیمیش هاتنە سەر خەت و دەستیان کرد بە پێداهەڵگوتن بە خامنەییدا، بۆ نموونە دەیانگوت خامنەیی لە ئێراندا دانیشتووە بەڵام هەموو جیهان بەڕێوەدەبات! یان ئەوەی کە ڕێبەرێکی بەهێزتر لە خامنەیی لە سەر گۆی زەوی بوونی نییە! خودی خامنەییش وتی کە خەڵک ئێستا زیاتر لە سەرەتاکانی شۆڕشی ٥٧، گراوی ئینقلاب و دینن!

هەموو ئەمانە باس لە ترسێک دەکەن، ترسێک کە لە خودی قسەکانی خامنەییشدا بەرچاو کەوت، باسی لە ڕووخانی ڕێژیم کرد و وتی ئەمە موحاسبەی هەڵەیە! و دوژمن بۆ لێدان لە ئێران، هیوای بە ناڕيزایەتییەکانی خەڵک بەستووە.

بێگومان پاش ٤٣ ساڵ دەسەڵاتدارێتی ڕێژیمی ئاخوندی، بەم شێوازە باس کردن لە ناڕەزایەتییەکان و دانپێدانان بەو ڕاستییەدا کە خەڵک ئێستا لە سەر شەقامەکانن و ناڕازین، خۆی نیشاندەری دۆشداماویی ڕێژیم لە دۆخەکەیە، دۆخێک کە بە هاتنە سەرکاری خومەینی و دواتریش بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن خامنەییەوە گەیشتووەتە ئەمڕۆ، ئەمڕۆیەک کە خودی خامنەییش لە ساڵی ٦٨ی هەتاویدا و لە مەجلیسی ڕێژیمدا و لەکاتی باس کردن لە دانیشتنی لە سەر کورسیی دەسەڵات، باسی لێوە کرد و وتی: دەبێ بگرین بۆ ئەو کۆمەڵگا ئیسلامییەی کە ئەگەری ڕێبەرایەتیی من تێێدا باسی لێوە بکرێت!

کەوایە هەر خودی خامنەییش دەیزانی کە کۆمەڵگای ئێران بەگشتی بەرەو چ ئاقارێک ئەبات، بەڵام بەدەسەڵات گەیشتن و دزین و تاڵانکردنی سامانی نەتەوەیی و سەرکوت و خوێنڕشتن لە لای زۆر پیرۆزتر و گرینگتر لە چارەنووس و داهاتووی میلیۆنان کەس لە خەڵکانی ئێران بوو کە ئێستاشی لەگەڵ بێت، نەفرەت لەم ڕێژیمە نگریسە دەکەن و هەموو هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ تاکوو لە چنگی ڕزگاریان ببێت.