کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێزگرتن له‌ کەسایەتیی دێموکرات و بیری پێشکەوتنخوازانەی د. قاسملوو لە پارلمانی فەڕانسە

04:22 - 1 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: سمینارێک بۆ رێزگرتن لە هزر و ئەندێشەی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، بە بەشداریی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات لە پارلمانی فەڕانسە بەڕێوەچوو.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەبۆنەی رێزگرتن لە کەسایەتیی دێموکرات و هزری دوکتور قاسملوو، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی٣١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمێک بەدەستپێشخەری و هاوکاریی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس و دەفتەری نوێنەرایتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پاریس لە سالۆنی \'\'ڤیکتۆر هۆگۆ\'\'ی پارلمانی فەڕانسە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە کورد و ئێرانی و فەرانسەوییەکان بەڕێوەچوو.

لە بەرنامەی ئەو رێوڕەسمەدا و پانێلەکانی بۆ باسکردن لە کەسایەتی و بیر و روانگەکانی دوکتور قاسملوو، پاش وتاری بەخێرهاتن لە لایەن سیرژیۆ کۆرونادۆ پارلەمانتار، ئەو کەسایەتییانە لە چەند پانێل و دانیشتندا وتارەکانیان پێشکەش کرد.

ــ خاتو جۆیز بڵۆ مامۆستای زانستگا
ــ هێلن کڕولیش (نەسرین خانم قاسملوو)
ــ دوکتور بیرنارد گرانژۆن سەرۆکی پێشووی میدسین دۆموند
ــ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ــ دوکتور فردریک تیسۆ کونسووڵی گشتیی پێشووی فەڕانسە لە هەرێمی کوردستان

پاش ئەو پانێلە و بڵاوکردنەوەی دێکۆمنتارێک لەسەر دوکتور قاسملوو، پانێلی دووهەم بە بەشداریی ئەم کەسایەتییانە دەستی پێکرد و هه‌ر کام وتاره‌کانیان پێشکەش کرد.

ــ کەندال نەزان سەرۆکی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس
ــ بیرنارد کۆشنێر وەزیری دەرەوەی پێشووی فەڕانسە
ــ مارک کراویتس رۆژنامەنووس
ــ عەبدولکەریم لاهیجی وەکیل و سەرۆکی FDIH
ــ جاناتان رانداڵ رۆژنامەنووس

هەرکام لەم کەسایەتییانە لە وتارەکانیان دا کەسایەتی و بیر و هزری دوکتور قاسملوویان خستە بەرباس و تاوتوێ کردن و رێزیان لە دێموکرات بوون و بیری پێشکەوتنخوازانەی دوکتور قاسملوو گرت.