کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ساڵڕۆژی تیرۆری میکۆنووس لە ناوەندی یەکی کوردستان بەڕێووەچوو

15:43 - 29 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: رێورەسمی ٢٦ی خەرمانان، بیست ودووهەمین ساڵڤەگەری شەهیدکرانی رێبەری نەتەوەیی و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، د. سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە ناوەندی یەکی کوردستان بەرێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر ٢:٣٠ی دانیوەڕۆی رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٨ی خەرمانان، بە بۆنەی ٢٢ـه مین ساڵڤەگەری تیرۆری شەهیدانی میکۆنووس لەلایەن رێژیمی ئێسلامیی ئێرانەوە، رێوڕەسمێک بە بەشداری میوانان، کادر و پێشمەرگەکانی ناوەندی یەک و ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە کەمپی کاوە، لە ساڵۆنی گشتیی ناوەندی یەکی کوردستان بەرێوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی رێگای رزگاری و ئازادی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی ناوەندی یەکی کوردستان لەلایەن تاهیر کەسیلی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب و بەرپرسی ناوەندی یەکی کوردستانەوە خوێندرایەوە.

هەروەها لە درێژەی رێورەسمەکەدا سروودێک لە ژێر ناوی سادق شەرەفکەندی، وەک چیا سەربڵندی لەلایەن کۆڕی ناوەندی یەک بە هاوکاری کۆڕی مووزیکی حیزبەوە پێشکەش کرا.

پاییزە خەزان پەخشانێک بوو کە لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا، لەلایەن سمکۆ بێکەسـە وە بە یادی شەهیدانی میکۆنووس پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمی ساڵڤەگەری تیرۆری د. سادق شەرەفکەندی و هاورێیانی، پەیامی یەکیەتیی ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ئاویەر شێخی ـەوە خوێندرایەوە.

پاشان کۆڕی مووزیکی حیزب بەرهەمێکیان پێشکەش کرد.

بەشی کۆتایی رێوڕەسمی ٢٦ی خەرمانان بۆ پێشکەش کردنی دوو پاخشان لەلایەن هانا موراد وەیسی و عوسمان کەرەمیـەوە تەرخان کرابوو.