کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ساڵڕۆژی شەهیدکرانی د. شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لەگۆڕستانی پێرلاشێزی پاریس بەڕێوەچوو

15:51 - 27 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: لە بیست‌ودووهەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی رێبەری بلیمەتی گەلی کورد و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، د. سادق شەرەفکندی و هاوڕێیانی، رێوڕەسمێک بەمەبستی رێزگرتن و پەیمان‌نوێ کردنەوە لەگەڵ شەهیدانی میکۆنووس، لەگۆرستانی پێرلاشێزی پاریس بەرێوەچوو.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢٢ـەمین ساڵڤەگەری شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانـەوە لە بڕلین، بە بەشداری چەند ئەندامێکی رێبەریی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات، نوێنەری چەندین حیزبی سیاسیی کوردستانی و ئێرانی و چەندین کەسایەتیی ئاکادێمیک و نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییە کوردییەکان و هەروەها ژمارەیەکەی بەرچاو لە ئەندامانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک، لە سەر گلکۆی شەهیدان د. شەرەفکەندی، کاک فەتاح عەبدولی و کاک هومایۆن ئەردەلان بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی رێگای ئازادی و رزگاری کوردستان بە تایبەت شەهیدانی میکۆنووس دەستیپێکرد.

پاشان خوسرەو عەبدوڵڵاهی، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

لە پەیامی خوسرەو عەبدوڵڵاهیدا تیشک خرایە سەر کەسایەتی و رۆڵی بەرچاوی د.شەرەفکەندی دوای تیرۆر کرانی رێبەری مەزنی حیزب د. قاسملوو و هەروەها سەبارەت بە تیرۆری میکۆنووس و تیرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئێران قسەی کرد.

دوای رێزگرتن لە گیانی شەهیدانی میکۆنووس، بەشدارانی ئەم رێورەسمە سەردانی گۆری شەهیدان د.قاسملوو و کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەریان کرد و لەگەڵ ئەو شەهیدانەش پەیمانی وەفادارییان نوێکردەوە.