کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی د. قاسملوو لە بنکەی دەفتەری سیاسی + وێنە

17:05 - 22 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، سەرلە بەیانیی رۆژی یەکشەممە ریکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمێک بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی بە بەشداریی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نوێنەرانی دامودەزگا حکوومییەکانی شاری کۆیە، نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییەکان، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات، لە بنکەی دەفتەری سیاسی بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی وتاری خۆی پێشکەش کرد.

پاشان کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات سروودێکی لەژێر ناوی \'\'قاسملووی شەهید\'\' خوێند و دوابەدوای ئەوە \'\'ناهید حوسێنی\'\' شاعیری کورد و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پارچە شیعرێکی لەژێر ناوی \'\'لیلانی خوێن\'\' پێشکەش کرد.

دوابەدوای ئەوە نامەی زیندانییەکی سیاسیی کورد بەناوی \'\'عوسمان مستەفا پوور\'\' کە بەو بۆنەوە بۆ رێوڕەسمەکەی ناردبوو لەلایەن گوڵباخ بەهرامییەوە خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا پەیامی هاوبەشی رێکخراوەکانی لاوان، ژنان و خوێندکاران لەلایەن \'\'فەلاح رەحیمی\'\' ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی یەکیەتیی لاوانەوە خوێندرایەوە.

دواتر \'\'شۆڕش گوڵکار\'\' شێعرێکی پێشکەش کرد و پاشان کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات سروودێکی دیکەی شۆڕشگێڕیی لەژێر ناوی \'\'قاسملوو\'\' پێشکەش کرد.

لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمەدا پەخشانێک لەلایەن \'\'فاخیر مەولوودی\'\'یەوە خوێندرایەوە.

ئەو پارت و لایەنانەی کە پەیامیان بۆ رێوڕەسمەکە ناردبوو، بریتین لە:
ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، مەڵبەندی کۆیە
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان، ناوچەی کۆیە
ــ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لقی کۆیە
ــ حیزبی شیووعیی کوردستان، کۆمیتەی کۆیە
ــ رێکخراوی ژینگەی تەندروست لە کوردستان