کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی کۆتایی دەورەی ٢١٣ی سەرەتایی پێشمەرگە لە فێرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو

19:52 - 14 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دوەرەی ٢١٣ی سەرەتایی پێشمەرگایەتی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی رێوڕەسمی تایبەت بە کۆتایی هاتنی دەورەی ٢١٣ی سەرەتایی پێشمەرگە بە بەشداریی رێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو.

ئەو رێوڕەسمە لە چەندین بەش وەکوو رژەی نیزامی، شەڕی سەرنێزە، بڕینی مەیدانی مەوانیع و رێوڕەسمی کۆتایی لە ساڵۆنی کۆمیسیۆنی فێرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

ئەو رێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا خوازیارانی دەورەی ٢١٣ی سەرەتایی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە رژەی نیزامی، شەڕێ سەرنێزە و بڕینی مەیدانی مەوانیع لێهاتووی خۆیان دەرخست.

لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمە کە لە ساڵۆنی رێوڕەسمەکانی فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەرد بەڕێوەچوو، رووناک فەتحی ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

رووناک فەتحی لە وتەکانی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی کوردستان، هێرشی داعش بۆ سەر هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان و سیاسەتەکانی رۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکا لە پەیوەندی لەگەڵ رووداوەکانی ئەم دواییانەی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە وتەکانیدا سەرەڕای ئاماژە بە پێگەی بەزری پێشمەرگە وتی: ئەگەر پێشتر خەبات و لەخۆبردوویی هێزەکانی پێشمەرگە تەنیا لە کوردستان رەنگدانەوەی هەبوو، ئەوە ئێستا بە سەرنجدان بە شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە بە دژی گرووپی تیرۆریستی داعش، پێشمەرگە ناوبانگێکی جیهانی دەر کردووە.

فەتحی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاڵوگۆڕێکی بەرین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووەتە ئاراوە و نەزمێکی نوێ لە ناوچەکەدا جێگیر بووە؛ سەرەڕای ئەوەش توندوتیژی گرووپی تیرۆریستیی داعش وای کردووە کە رۆژئاوا، ئامریکا و گەلی کوردستان بە هاوکاری یەکتر و بە تایبەت پێشمەرگەی کوردستان دژی گرووپی تیرۆریستی داعش شەڕ بکەن.

فەتحی لە درێژەی وتەکانیدا باسی لەوە کرد کە کورد چۆن دەتوانێت لەم گرژی و ئاڵۆزیانەدا بە لەبەر چاو گرتنی قازانج و بەرژەوەندییە نەتەوەیەکانی کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرێت، بە تایبەتی کە شەڕ و ئاڵۆزیەکان لە ئێستادا بە بەرەوڕووی کورد بووەتەوە و دەرفەت بۆ کورد لە هەموو کاتێک زیاتر رەخساوە.

لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا عەلی شیرینی بەشداربووی دەورەی ٢١٣ی پێشمەرگایەتی گۆرانییەکی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەدا خالید سەفەری ماموستای فێرگەی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە پەیامی فێرکاریی خوێندەوە.

پاشان مەحموود خەزایی گۆرانییەکی پێشکەش کرد و دواتر پارچە گۆرانییەک لەلایەن کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکرات پێشکەش بە بەشداربوان کرا.

لە درێژەدا پەیامی دەورەی ٢١٣ی سەرەتایی لەلایەن بەشداربووی دوەرە خاتوو هیوا ئەحمەدی پوور خوێندرایەوە و پارچە شێعرێک لەلایەن عەلی شیرینیوە پێشکەش کرا.

رێوڕەسمەکە بە دابەشکرانی خەڵات لە دوو بەشی دەرس و ئەخلاق لەلایەن سەلاح نادری و سەلیم زەنجیری کادری حیزبی دێموکرات پێشکەش بە بەشداربووانی سەرکەوتووی دەورەکە کرا.

لە بەشێکی کۆتایی ئەو رێوڕەسمەدا مەحموود خەزایی گۆرانییەکی پێشکەش کرد و هەروەها خەڵاتی تایبەتی فێرگە پێشکەش بە پێشمەرگەی دەورە سەردار چۆلاک کرا.