کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢٦ی خەرمانان ساڵڕۆژی شەهیدانی میکۆنوس لەئامریکا بەڕێوە چوو

15:52 - 31 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: لەو رێوڕەسمەدا د. خەلیقی ئەندامی پێشووی رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند: دکتور سادق شەرەفکەندی لەهەموو قۆناغەکانی ژیانی شۆڕشگێڕیی خۆیدا بەرپرسانە کاری کردەوە و بە هەموو هێز و تواناوە خەباتی دەکرد و لەتێکۆشان و خزمەت کردن ماندوو نەدەبوو.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی، رێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢٣ـەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکرانی د. شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لەئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب لەدەڤەری واشنگتۆن بەڕێوە چوو.

ئەم رێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خۆلەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لەسەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان، دوکتور حوسێن خەلێقی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسێکی تێروتەسەلی لەسەر ژیان و خەباتی دوکتۆر شەرەفکەندی پێشکەش کرد و لەم بارەیەوە ئاماژەی بە چەند خسڵەت و تایبەتمەندی شۆڕشگێڕانەی دوکتۆر شەرەفکەندی کرد کە پاش کۆستی شەهید بوونی دوکتور قاسملوو بەوپەڕی تواناوە رێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردوە بە چەشنێک کە نەیهێشتوە بێ قاسملوویی بە حیزبی دێموکراتەوە دیار بێ.

دوکتور خەلێقی سەبارەت بە دوکتور سادق شەرەفکەندی لەقسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد: دکتور سادق شەرەفکەندی لەهەموو قۆناغەکانی ژیانی شۆڕشگێری خۆیدا بەرپرسانە کاری کردووە و بە هەموو هێزو تواناوە خەباتی دەکرد و لەتێکۆشان و خزمەت کردن ماندوو نەدەبوو. خەلێقی وتی خۆم شاهیدی ئەوەم کە ئەو رێبەرە هەموو کات  یاوەر و هاوکاری راستەقینەی د.قاسملوو بوو بۆ ئەوە لەکارەکانی دا سەرکەتوو بێ.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا کورتە فیلمێک لەسەر کەسایەتی و کاریگەری دوکتور شەرەفکەندی لەسەر حیزبی دێموکرات پیشان درا.

هەروەها لەدرێژەی ئەو رێوڕەسمەدا چەند سروود و هۆنڕاوەی شۆڕشگێری پێشکەش بە بەشداربوانی رێوڕەسمکە کران.
بەشی کۆتایی ئەو سمینارە بۆ پرسیار و تێبینی بەشداربووان تەرخان کرابوو کە لەلایەن دکتور حوسێن خەلیقی وڵامیان درایەوە.

هەرەها چەند حیزب، لایەن و رێکخراوی سیاسی کە لەرێوڕەسمی ٢٦ی خەرمانان‌دا بەشداریان کردبوو و بەم بۆنەیە پەیامیان پێشکەش کردبوو بریتی بوون لە:

ــ لقی حەوتی پارتی دێموکراتی کوردستان ــ ئەمریکا و کانادا
ــ کۆمیتەی رێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان ــ ئەمریکا
ــ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لقی ئەمریکا