کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە شاری قەڵادزێ بەڕێوەچوو

00:45 - 30 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٦٧مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە شاری قەڵادزێ لە هەرێمی کوردستان رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی، رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان ٦٧مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە بەشداریی بەڕێز تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، ژمارەیەک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆکرات، لە شاری قەڵادزێ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان بەڕێز تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات وتاری خۆی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد و لە نێو قسەکانیدا وێڕای ئاماژە بە دەسکەوتە مێژووییەکانی کۆماری کوردستان، وتی: ئێمە پێویستە دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان بەپێی هەلومەرجی ئەو کاتی ئێران، کوردستان و ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵسەنگێنین و بە لەبەر چاو گرتنی شەڕی دووهەمی جیهانی و ئاستی وشیاری و تێگەشتنی گشتی لە هەموو بوارێکەوە و لەو سەردەمەدا، هەڵسەنگاندن بۆ کۆمار بکەین.
مستەفایی لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر چەندین تایبەتمەندیی دێمۆکراتیکی کۆماری کوردستان و وتی: حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وەکوو حیزبی دامەزرێنەری کۆمار و لە سەروویشەوە پێشەوا قازی محەممەد، بە تێگەیشتنی دێمۆکراتیکانەی خۆیان ئەو دەسەڵاتەیان لە مێژووی گەلی کورددا کردە نموونە، تێکڕای چین و توێژەکانی کومەڵگا لە تەمەنی کورتی کۆماردا کەوتنە گەشە کردن و توانای بەڕێوەبەریی سیاسیی گەڵی کوردیان بە دەستی خۆیان، بە جیهانیان سەلماند.
ئەم ئەندامەی دەفتەری سیاسی وتیشی: لە کاتی دەسەڵاتداریەتیی کۆماری کوردستاندا تەنیا یەک زیندانی هەبوو کە ئەویش زیندانیی سیاسی نەبوو و ئەم تایبەتمەندییانە بووەتە هۆی ئەوە کە ئێستا گەلی کورد بەگشتی لە هەرچوار پارچەی کوردستان، شانازی بە کۆمارەوە بکات و کۆماری کوردستان بۆ بزوتنەوەی کورد بۆتە ئیلهامدەر.


لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا سروودێک لەژێر ناوی کوردستان کە لەلایەن کۆڕی هونەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئامادە کرابوو، پێشکەش بە بەشداران کرا.
دواتر بە بۆنەی ٦٧مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە شارەکانی کۆیە، پشدەر و بتوێن، لەلایەن رەحیم رەسووڵییەوە خوێندرایەوە و دوابەدوای ئەوەش پەیامی یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن قاسم فەرهوودییەوە پێشکەش کرا.
لەم رێوڕەسمەدا چەندین تابلۆی هەڵپەڕکێی کوردی لەلایەن منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە نمایش کرا.
هەر لەو پێوەندییەدا ژمارەیەک پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی حیزب، لایەن و کەسایەتییەکان بۆ رێوڕەسمەکە نێردرابوو کە ناوەکانیان بەم چەشنەیە:

ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کۆمیتەی قەڵادزێ

ــ بەڕێز حەسەن عەبدوڵڵا، قایمقامی قەزای قەڵادزێ

ــ یەکگرتووی ئیسلامی لقی پشدەر

ــ حیزبی شیوعیی کوردستان قەزای پشدەر

ــ سەرۆکایەتیی شارەوانیی قەزای پشدەر

ــ عەشیرەتی میراودەلی و نوورەدینی

ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان رێکخستنی ١٧ی راپەڕین

ــ بانکی قەڵادزێ

ــ پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کۆمیتەی رێکخستنی پشدەر

ــ عەشیرەتی مامەش

ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان مەڵبەندی ٢٤ی راپەڕین کۆمیتەی رێکخستنی قەڵادزێ

ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کۆمیتەی ١٣ی رێکخستنی ژاراوێ

ــ عەشیرەتی نوورەدینیی یەکیەتیی جووتیاران

ــ حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی بازنەی قەڵادزێ

ــ یەکیەتیی لاوان و ژنانی کۆمیتەی قەڵادزێ

لە نێو ئاخنی ئەم رێوڕەسمەدا چەندین گۆرانی بەو بۆنەوە لەلایەن هونەرمەندان غوڵام فاتیحی، رۆیا شابازی، جەلال شیریت پێشکەش کران.
رێوڕەسمەکە بە گۆرانیی هونەرمەندان و شایی و گۆڤەندی بەشداران کۆتایی پێهات.