کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو

19:43 - 15 رێبەندان 2712

كوردستان میدیا: ٦٧مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی كۆماری كوردستان لە وڵاتی فینـــــلانـد لە رێوڕەسمێكدا بەرز راگیرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا: كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران ــ فینـــلاند، جیژنی ٢ی رێبەندانی لە شاری تامپێرە بە بەشداریی خەڵكێكی بەرچاو لە كوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە بەڕێوە برد.
رێوڕەسمەكە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەكێك بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان دەستی پێ كرد.
پاشان پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان لە فینــلاند لەلایەن خالید فەرزانە وە پێشكەش كرا، فەرزانە لەو پەیامەدا ئاماژەی بە مێژووی كۆماری كوردستان و كارتێكەریی دامەزرانی كۆماری كوردستان لەسەر ئەوە كە ئەو كۆمارە ساوایە وەڵامدەری ویستی كۆمەڵگای كوردی لەو سەردەمە بوو، بۆ بەدەستەوە گرتنی مافی چارەنووس و لە پەیامەكەدا هاتبوو كە كۆماری كوردستان بە پێچەوانەی پرۆپاگەندەی نەیارانی مافی نەتەوایەتی گەلی كورد و تۆتالیترەكان، بەرهەمی ویستی هێزەكانی دەرەكی یان دەستكردی دەسەڵاتێكی بێگانە نەبوو.
خالید فەرزانە ئاماژەی بەوەكرد كە هەرچەند كۆماری كوردستان تەنیا یازدە مانگی خایاند، بەڵام لەو ماوە كورتەدا سیاسەت و بەرنامە پێشكەوتنخوازەكانی كۆمار بوون بە جێی هیوای كورد لە هەموو بەشەكاندا.
لە نێو ئاخنی بەرنامەكاندا كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی نوێنەرایەتی هێزە سیاسییەكانی بەشداربووی رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان بەڕێوەچوو.
باسەكانی كۆبوونەوە لە سەر دۆزینەوەی رێگایەكی گونجاو بۆ هاوكاری زیاتری هیزە سیاسیەكانی دانیشتووی وڵاتی فینـــلاند بوو و لەو نێوانەدا هەركام لە نوێنەرانی هێزە سیاسیەكان راوبۆچونی خۆیان لەو بارەوە خستە روو و بەڵێنی هاوكاری زیاتر و بەردەوامی پێوەندییەكانیان دا.
لەو دانیشتنەدا هەیئەتی نوێنەرانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران پێكهاتبوو لە خالید مەهابادی، محەمەدئەمین بایەزیدی، ماهر نەقشبەندی وفازڵ سوڵتانپەنا.
پاشان ژمارەیەك پەیامی پیرۆزبایی و بابەت لە رێوڕەسمی ٢‌ی رێبەنداندا خوێندرایەوە كە بریتین بوون لە:

ــ كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
ــ پەیامی هاوبەشی یەكیەتیی نیشتمانی كوردستان و پارتی دێمۆكراتی كوردستان
ــ پەیامی كۆمەڵە، سازمانی كوردستانیی حیزبی كومونیستی ئێران
ــ كورتەیەك لە مێژووی كۆماری كوردستان لەلایەن پێشكەشكارەوە.
ــ برووسكەی پیرۆزبایی بزووتنەوەی گۆڕان.
دواتر پارچە هۆنراوەیەك لەلایەن فازل سوڵتانپەنا و خاتوو دڵسۆز یارییەوە بەو بۆنەیەوە پێشكەش كرا.
لە لایەن كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان ــ فینــلاند تابلۆیەكی رێزیان لێنان بۆ چەند كەسێك كە ماندوو نەناسانە كار و ئەركەكانی حیزبی جێبەجێ دەكەن پێشكەش كرا.

رێوڕەسمەكە بە گۆرانیی هونەرمەند هەژار دهۆكی و هەروەها شایی و هەڵپەڕكێی بەشداربوان كۆتایی پێهات.