کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو لە پاریس

16:55 - 23 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: کۆمیتەی کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات رێوڕەسمێکی لە گۆڕستانی پێرلاشێز بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ بەڕێوە برد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەبۆنەی ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو، کۆمیتەی کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە گۆڕستانی پێرلاشێزی فەڕانسە رێوڕەسمێکی بەڕێوەبرد.

ئەم رێوڕەسمە بە بەشدارایی بەشێک لە ئەندامانی رێبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات، چەندین نوێنەری حیزب و رێکخراوی سیاسی کوردستانی و ئێرانی و چالاکڤانانی مەدەنی و کەسایەتیی سەربەخۆی کورد و رێژەیەکی زۆر بەرچاوی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران لە وڵاتانی، بلژیک، بریتانیا، سویس، ئوتریش، ئاڵمان و هولەند بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمی تایبەت بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی تیرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە گۆڕستانی پێرلاشێزی پاریس بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی نەسرین قاسملوو، بەم بۆنەوە لەلایەن \'\'خوسرەو عەبدوڵڵاهی\'\' ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، پیشکەش کرا.

پاشان پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن \'\'شاهۆ حوسێنی\'\' ئەندامی کۆمیتەئ ناوەندیی حیزب و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات پێشکەش کرا.

لە رێورەسمی ٢٥مین ساڵـڕۆژی تیرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە گۆڕستانی پێرلاشێز، ئەم لایەنە سیاسی و کەسایەتییانە قسەیان کرد:

ــ کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس
ــ مەسعوود تەک، سکرتێری گشتیی پارتی سوسیالیستی کوردستان
ــ پەرویز نەویدی لەلایەن سێ رێکخراوی ئێرانیی یەکیەتیی فیدایی‌یانی خەڵکی ئێران، رێکخراوی فیدایی‌یانی خەڵکی ئێران ــ زۆرینە، شۆرای کاتیی سوسیالیستەکانی چەپی ئێران
ــ برووسکەی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان بەم بۆنەوە، لەلایەن شێخ شەماڵەوە خوێندرایەوە
ــ پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەلایەن عەلی رەنجبەری
ــ بابێ جوان، لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریە (ENKS)

کۆمەڵێک پارت و لایەن و کەسایەتیی سیاسی و مەدەنیی کورد و ئێرانی کە بەبۆنەی ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو لە پاریس بەشداربوون بەم چەشنەن:

ــ نوێنەرایتەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕانسە
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان، لیژنەی وڵاتانی فەڕانسە و بلژیک
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان، سووریە
ــ پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە
ــ پارتی سوسیالیستی کوردستان، فەڕانسە و بلژیک
ــ پارتی یەکیەتیی کورد لە سووریە
ــ شۆرای کاتیی سوسیالیستەکانی چەپی ئێران
ــ رێکخروای شۆڕشگێڕی کرێکارانی ئێران، \'\'راەکارگر\'\'

لە درێژەی رێوڕەسمی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاورێیانی لە گۆڕستانی پێرلاشێز، فەرەیدوون ئەرشەدی شاعیری کورد، هەڵبەستێکی لەژێر ناوی ژیانەوەی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.

هەروەها پارچە شێعرێک لەلایەن شاعیری کورد \'\'ئاکۆ ئەلیاسی\'\' بەم بۆنەوە خوێندرایەوە.

رێوڕەسمی رێزگرتن لە ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدانی ڤییەن، بە سەردانی بە کۆمەڵی بەشداران ئەم بۆنەیە لە گۆڕی شەهیدانی میکۆنۆس لە گۆڕستانی پێرلاشێز کۆتایی پێ هات.