کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ لەفینلاند بەڕێوەچوو

14:58 - 26 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ، یادی ٧٠ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوڵاتی فینـلاند بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە، رێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، رێوڕەسمی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لەفینلاند بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب ‌و رێكخراوە سیاسی ‌و مەدەنییەكان، ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب، لەشاری تامپێرێی بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە داگیرسانی مۆمی ٧٠ ساڵەی تەمەنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن حەمەدئەمین بایەزیدی و خاوەر رەحمانی دوو پێشمەرگەی كۆن ‌و تێكۆشەری حیزبی دێموكراتەوە كرایەوە.

پاشان رێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب‌ و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی شەهیدانی گەل و نیشتمان دەستی پێ کرد.

لەو رێوڕەسمەدا،بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکرات کە بە بۆنەی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبەوە بڵاو کرابوویەوە، لەلایەن شەفیع رەوشەنییەوە خوێندراوەتەوە.

ئەم رێوڕەسمە بە پێشکەش‌کردنی چەند گورانییەک لەلایەن هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی و چیا مەدەنی کۆتایی پێهات.

هەر بە بۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەندین حیزب و لایەنی سیاسی پەیامی پیرۆزباییان پێشکەش بەرێوڕەسمەکە کردبوو کە بریتین لە:

ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ــ لێژنەی رێکخستنەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان
ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ــ فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لەوڵاتی فینـــلاند
ــ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ــ یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران