کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیم لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمە نمایشییەکانی دەترسێ

11:01 - 30 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی دەزگای سەرکوتکەری پۆلیسی تاران رایگەیاند کە نیگەرانن لەوەی رێوڕەسمی نمایشیی ٢٢ی رێبەندان بەڕێوە ببەن.

بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان لە هەواڵدەرییەکانی رێژیمەوە، بەرپرسی دەزگای بەناو پۆلیسی تاران، حوسەین ئەشتەری رایگەیاندووە کە ئاگاداریی ئەوەیان هەیە کە دوژمنانی رێژیمی تاران دەیانهەوێ لە رێوڕەسمی ٢٢ی رێبەنداندا خۆپیشاندان دژی رێژیم بەڕێوە ببەن.

هەموو ساڵێ لە رێبەنداندا رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو دامودەزگا و قوتابخانە و ئیدارەکان ناچار دەکا کە لە رێپێوانی زۆرەملێ لە یادی دزینی دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، لە ٢٢ی رێبەندان لە هەموو شارەکان بەڕێوە ببەن و بەو شێوە نمایشی بەناو رەوایی خەڵکیی خۆی دەدا.

بەڵام لەمساڵدا کە دۆخی ئەمنیەتیی رێژیم بەتەواوی تێک چووە و دوای ئەو خۆپیشاندانەی کە لە سەرتاسەری ئێران کرا و تەنانەت لە قومیش بە دژی رێژیم دروشم درا، ئێستا رێژیم نیگەرانی هەرجۆرە کۆبوونەوەیەکی خەڵکییە.

بە پێی وتەکانی بەرپرسی بەناو پۆلیسی تاران هاوکات لەگەڵ ئەوەی دەیانەوێ ئەمساڵیش نمایشی رێپێوان بەڕێوە ببەن، بەڵام ترسیان لەوە هەیە کە ئەو کۆبوونەوەی خەڵک بە دژی خۆیان هەڵ بگەڕێتەوە و رێپێوانە حکوومەتییەکە ببێ بە خۆپیشاندانی خەڵک بە دژی حکوومەت و هەر لە ئێستەوە هەڕشە دەکەن وهەوڵی چاوترسێنکردنی خەڵک دەدەن.