کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژەی پەنابەرانی کوردی سووری بۆ وڵاتی تورکیە لە ١٣٠ هەزار کەس تێپەڕبوو

21:48 - 1 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: رێژەی ئاوارەکان کە بە هۆی هێرشی داعش بۆ ناوچە کوردنشینەکانی سووریە پەنایان بردووە‌تە تورکیە زیاتر لە ١٣٠ هەزار کەس راگەیەندراوە.

رادیۆفەردا بە پشت‌بەستن بە هەواڵدەریی فەڕانسه بڵاوی کردەوە، رێژەی ئەو هاووڵاتییانەی کە پاش هێرشی داعش بۆ کوردستانی سووریە و بە تایبەت کۆبانی، ئاوارەی تورکیە بوونە لە سنووری ١٣٠ هەزار کەس تێپەڕیوە.

لەم پێوەندییەدا و بەپێی کۆمیساریای باڵای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بواری پەنابەران، تورکیە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣١ی خەرمانان، حەوت پۆست لە نۆ پۆستی هەڵکەوتوو لە خاڵی سنووری بە درێژایی ٣٠ کیلۆمیتر کە رۆژی هەینی کردبوویەوە، داخست.

هەواڵدریی فەڕانسە لە حاڵێکدا هەواڵی ئاوارە بوونی ١٣٠ هەزار هاووڵاتیی لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریەی بڵاو دەکاتەوە کەلە راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی شەممە بڵاو کرابووەوە، لە هەواڵی ئاوارە بوونی ٧٠ هەزار هاووڵاتیی بە هۆی هێرشی داعش بۆ کوردستانی سووریە بڵاو کردبووە کە زۆربەی ئەم ئاوارانە خەڵكی شاری کۆبانین.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە ماوەی ئەم چەند ساڵە و پاش دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریە، زیاتر لە ٧ ملوێن لە هاووڵاتیانی سووری لە نێوخۆ و دەرەوەی ئەم وڵاتە ئاوارە بوونە.

زۆربەی ئاوارەکانی کوردستانی سووریە لە ماوەی شەڕی نێوخۆیی سوورەی کە هەژماریان لە ٢٠٠ هەزار کەس تێدەپەڕێت پەنایان بۆ کوردستانی عێراق هێناوە.

بەرەنگاربوونەوەی چەند مانگەی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگە کوردستان و توانای بەرگری لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر هێرشی داعش بووەتە هۆی گوڕینی شوێنی هێرشەکانی ئەم هێزە لە کوردستانی عێراق بۆ ناوچەکانی شاری کۆبانی لە کوردستانی سووریە.

بەپێی هێرشەکانی ئەم دواییانە وا وێدەچێت کە هێزەکانی داعش خاکی کوردستانیان ئامانج گرتووە و ئەمە گومانی هەدایەتی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی ئەم هێزە لەلایەن رژیمی ئێسلامییەوە کە لە هەموو رەوتە و رێکخراوەکان زیاتر قازانجی دەبێت، زیاتر تەیار کراوە.