کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ رێکخراوی کوردستانی، شەڕی براکوژییان مەحکووم کرد

21:47 - 12 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: هەشت رێکخراوی کوردی هەر چوار بەشی کوردستان، لە وڵاتی هولەند لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، شەڕی براکوژییان مەحکووم کرد.

دەقی ئەو بەیاننامە بەم چەشنەیە:

کوردستانیانی هێژا
هەر ەوک هەموو ئاگادارن کوردستان لە هەلومەرجێکی ئاستەمدا تێدەپەڕێ و دوژمنان بۆ لەبار بردنی نموونەی حوکمڕانی لە باشوور و دەستکەوتەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کە بە خوێنی هەزاران رۆڵەی ئەو گەلە وەدی هاتووە کەمتەرخەمی نانوێنن و بۆ کپ‌کردنی تین و گڕی رۆژهەڵات، هەموو پلانێک بە رەوا دەبینن لە کاتێکدا کە خەڵکی کورد پێویستیی بە یەکگرتوویی هەیە و چاوەڕێی گرتنی کۆنگرەی نەتەوەییمان دەکرد، لە کێلەشینی سنووری کوردستانی رۆژهەڵات و خنێرە لە باشووری کوردستان، بە داخەوە تێکهەڵچوونێک لە نێوان گەریلاکانی پ‌ک‌ک و پێشمەرگەکانی حدکا روو دەدات.

پێشمەرگەکانی حدکا کە بە مەبەستی چوونەوە بۆ نێوخۆی کوردستان و مانەوەیان لە کێلەشین کە ساڵانی دوور و درێژ وەک بنکەی ئەسڵی رۆلەکانی دێموکرات بووە، جێگیر دەبن.

بەڵام لەلایەن گەریلاکانی پ‌ک‌ک‌ـەوە گەمارۆ دەدرێن و پاش دوو حەوتوو حەول و تەقەللا کە لەلایەن پێشمەرگەکانی دێموکرات و دەفتەری سیاسی کە شەڕ روو نەدات، بێ ئاکام مایەوە و لە رۆژی ٢٤ ی مانگی مەی هێرشیان بردە سەر پێشمەرگەکانی حدکا و پێشمەرگەیەک شەهید و چەند کەسێکیش بریندار بوون.

ئێمە داخ و پەژارەی خۆمان لە شەهید و برینداربوونی پێشمەرگەکانی حدکا دەردەبڕین و بۆ بەرگڕی لە شەڕ و پێکدانانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بەرگری لە شەڕی براکوژی کە تەنیا دوژمنان و نەیارانی کورد تێیدا بەهرەمەند دەبن، داوا دەکەین:

١ ــ ئەم کێشەیە لە رێگای وتووێژ و دیالۆگ حەل بکرێ و هیچ هێزێک بۆی نییە کە دەست بۆ چەک بەرێ

٢ ــ کوردستان ماڵی هەموانە و بە رەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی رەوشی کوردایەتی لە بەشەکانی کوردستان هیچ هێزێک بۆێ نییە ناوچەیەک قۆرغ بکا و رێگا بە هێزەکانی دیکە بگرێ و پاوانخوازی بکا. هێزەکانی کوردستانی رۆژهەڵات مافی خۆیانە کە لە سنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کاروباری خۆیان کەڵک وەرگرن

٣ ــ پشتگری لە لیژنەیەک بە سەرپەرستیی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەری فراکسیۆنەکان لە پارلمانی هەرێم بۆ لێکۆلینەوە لە چۆنیەتیی روداوەکە و لێکەوتەکانی تەقەکردنی هێزەکانی پ‌ک‌ک لە پێشمەرگەکانی حدکا دەکەین و داوای ئیدانەکردنی لایەنی تاوانبار دەکەین و دەبێت هەموو لایەنێک بڕیاراتی پارلمان بەڕێوە بەرن. لەو هەنگاوانەی کە پێش بە دووپات بوونەوەی وەها کردوەیەکی زیانبەخەش کە بە خەباتی گەلی کورد بۆ رزگاری دەکرێ، پشتگریی خۆمان دەردەبڕین
٣/٦/٢٠١٥

ــ پارتی دێموکراتی کوردستان
ــ پارتی ئازادیی کوردستان
ــ بزووتنەوەی گۆڕان
ــ یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە
ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی زەحمەتکێشانی کوردستان
ــ تەڤگەرا دێموکراتییکا کوردستان
ــ پارتی سوسیالیستی کوردستان باکوور
ــ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران