کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زامدارەکانی کرماشان زامی گوڵستان ساڕێژ دەکەن

13:07 - 3 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی بوومەلەرزەلێداوی کرماشان و دەوروبەری بە ناردنی یارمەتی بۆ خەڵکی لافاولێدراوی گوڵستان، ساڕێژی زامەکانیان دەکەن.

لە دوای هەستانی لافاو لە شاری گوڵستان و چوار ڕۆژ پشتگوێخستنی ئەو ڕووداوە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، سەرئەنجام خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان و سەلاسی باوەجانی کە زامچێشتووی ڕووداوە سروشتییەکان و بێهیوا لە یارمەتییەکانی ڕێژیم بوون، لە هەوڵێکی مرۆڤدۆستانەدا بە کۆکردنەوەی شمەک و پێداویستییە سەرەتاییەکان یارمەتییان بە لافاولێدراوانی ئەو پارێزگایە گەیاند.

خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان، سەرەڕای بارودۆخی نالەباری ئابووری و نەبوونی کەرەستە و شمەک و خواردەمەنی پێویست بۆ تێپەڕکردنی ژیانی ڕۆژانە هەستیان بە ژانێکی هاوبەش لە نێوان کرماشان و گوڵستان کردووە و بەشێک لە پێداویستییەکانی خۆیان بۆ زامدارانی بێدەرەتانی گوڵستان ناردووە.

چوار ڕۆژ پێش ئێستا، پاش بارینێکی زۆر و سەرڕێژبوونی ڕووبار و بەنداوەکانی نزیک لەو پارێزگایە، ١٢ گوند لە شارستانی "ئاق قوڵا" و شاری "گونبەد کاووس" و "گەمیشان" تووشی لافاو هاتوون و نیوەشیان چوونەتە ژێر ئاوەوە.