کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، یادی شەهید دوکتور قاسملوو بەرز ڕادەگرن

12:03 - 18 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، به‌ بۆنه‌ی سیهەمین ساڵوه‌گه‌ڕی تێرۆرکردنی شه‌هید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خه‌ڵکی مافخوراوی کوردستان، مامۆستایانی ئایینیی نیشتمانپه‌روه‌ر، ڕۆڵه‌ تێکۆشه‌ره‌کانی دێموکرات.

۳٠ ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، تیشکی خۆری نیشتمانه‌که‌مان، به‌ده‌ست تێرۆریستانی مرۆڤکوژی جه‌ماران کوژایه‌وه‌. تێرۆریستانی ترسەنۆکی کۆماری پەت و سێدارە، ویستیان بە لەنێوبردنی ڕێبەری هەمیشە زیندووی گەلەکەمان، هیوا لەنێو دڵی هەر تاکێکی کورد بخنکێنن و ئیتر چرای هومێد بۆ ڕزگاریی ئەم گەلەیە، بۆ هەتاهەتایە بکوژێننەوە.

ڕێژیمی دژەگەلیی بەناو ئیسلامیی ئێران، هەر لە سەرەتاوە، بە هەموو هێز و دەسەڵاتی خۆی، بۆ لەنێوبردنی هزری مافویستیی گەلەکەمان، لە هەر چەشنە پیلانێکی ناجوامێرانە کەڵکیان وەرگرتووە، هەر لە فتوای جیهادەوە بگرە تاکوو ڕەشەکوژی و سێدارە و بەندکردنی درێژخایەنی ڕۆڵە بەئەمەگەکانی ئەم نیشتمانە خۆشەویسته.

بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ لە ڕەوتی خەبات لە ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و بەتایبەتیتر لە پرۆژەیەکی بەهێزی وەک ڕاسان دەبینرێت، بێئاکامیی سیاسەتە چەپەڵەکانی کۆماری سێدارە و تێرۆرە لە گەیشتن بە ئامانجە نگریسەکانی.

پاش تێپەڕبوونی نزیک بە ۳۰ ساڵ لە تێرۆری قوتابخانەی کوردایەتی و وانەی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازی، واتە قاسملووی ڕێبەر، ڕۆڵەکانی ئەم قوتابخانەیە، هەروا خۆڕاگر و پۆڵایین، قوتابیی ئەم ڕێبەرە مەزنەن و بەهێزتر و خۆڕاگرتر لە جاران، ڕاسانیان لە هەموو ڕەهەندەکانی گەیشتن بە ئامانجی گەلەکەمان دەست پێکردووە و دوژمنی ترسەنۆکی تێرۆریستپەروەریان وەلەرزین خستووە.

 پاش تێپەڕینی۳۰ ساڵ بە سەر تێرۆری ڕێبەر و سەرداری گەل و حیزبەکەمان، ڕێژیمی چەپەڵ و تێرۆری ویلایەتی نابەحەقی مەزهەبیی ئێران، نەک هەر بە مەبەستە نگریسەکانی خۆی نەگەیشت، بەڵکوو ئێستاکە ناوەڕۆکی شەڕخوازی و ئاژاوەگێڕی و تێرۆریزمی دەوڵەتی، بۆ گشت جیهان ئاشکرا بووە و کەوتۆتە بەر پەلاماری گەمارۆی نێودەوڵەتی و لە هەموو لایەکەوە گۆشەگیر کراوە. بەپێچەوانەوە، ڕۆڵەکانی قوتابخانەی قاسملوو، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەنگیان بۆ ئازادی و مافە ڕەواکان بەرزتر بووە و شکستیان بە تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێناوە.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بۆ جارێکی تریش، پشتیوانیی خۆی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان دەردەبڕێت وهاودەردیی خۆی لە ساڵوەگەڕی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو، لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دووپات ‌دەکاتەوە.

سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدی ڕێبەر و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری، سڵاو لە پێشمەرگە، سڵاو لە ڕاسان.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

۱۷ی پووشپەڕی ۱۳۹۸ی هەتاوی، بەرانبەر لەگەڵ ۸ی ژوئییەی ۲۰۱۹ی زایینی