کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانایەکی ناوداری کورد ماڵاوایی لە ژیان کرد

12:35 - 5 جۆزەردان 2720

دوکتور "مستەفا خوڕەم دڵ"، توێژەر و ڕاڤیاری قورئان، نووسەر و وەرگێڕی کورد، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان، لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

دوکتور ''مستەفا خوڕەم دڵ'' دامەزرێنەری زانکۆی کوردستان، نووسەر، وەرگێر، ڕاڤیاری قورئان، ئیسلامناس و شرۆفەکاری کوردە و دەیان نووسراوەی هەیە و لێکدانەوەیەکی زۆری لەسەر زانستی ئایینی هەیە.

ناوبراو وەرگێڕانی گرینگی لە بوارەکانی فێقهـ، فەلسەفە، کەلام و ڕاڤە و یەک لەوان شرۆفەی ''نوور'' و وەرگێڕانی "فی ظلال القرآن" لە سەید قوتبەوە کە لە ١٥ بەرگدا بەچاپ گەیشتووە، لە پاش خۆی بەجێ هێشتووە.

هەروەها دوکتور''خوڕەم دڵ'' کتێبی "صرف دستور زبان کردی سورانی" لە بواری فێرکاری و زمانناسیی کوردیی پێشکەش بە هۆگرانی زمانی کوردی کردووە.

مامۆستا ''مستەفا خوڕەم دڵ'' ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لە گوندی "دێبوکر"ی سەر بە شاری مەهەباد لەدایک بووە.

مامۆستا، خولی خوێندنی سەرەتایی هەتا دواناوەندیی لە مەهاباد  تەواو کرد و لە ساڵی ١٣٤٢ لە لقی "ئەدەبیاتی عەرەب" لە زانکۆی تاران قەبووڵ بوو.

دوکتور ''خوڕەم دڵ''، ماستێریی لە تاران تێپەڕاندووە و لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی تاران توانی لە لقی "ئەدەبیاتی عەرەبـ"ـدا بڕوانامە بەدەست بێنێت و ساڵی ١٣٥٤ دوکتورای لقی ''فەرهەنگی عەربی و زانستی قورئانیـ''ـی کۆلێژی ''ئیلاهیات و مەعارفی ئیسلامیـ''ـی لە تاران وەرگرتووە.