کوردستان میدیا: به بۆنەی ٥٠مین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی شەهید "ئیسماعیل شەریفزاده"، ڕۆژی خوێندکاری کورد چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خوێندکارانی سەنگەری خەبات و ئازادی، بە بۆنەی ڕۆژی خوێندکاری کورد لە زانکۆی "ئازاد"ـی شاری مەریوان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
٥٠ ساڵ لەمەوپێش و لە ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی، شەهید ئیسماعیل شەریفزادە، که خوێندكاری ئەندازیاری ئێلكترۆنیكی زانكۆی «پۆلی تێكنیك»ی شاری تاران بوو، دوای ١٨ مانگ شەڕی قارەمانانە لەدژی ڕێژیمی پاشایەتی شەهید کرا.
لە دەیەی ٤٠ی هەتاوی كە فەزای تۆقان و هەڕەشە باڵی بە سەر گشت ئێراندا كێشا بوو و دەرفەتی هیچ چەشنە چالاكییەكی سیاسی لە ئێران و بەتایبەت لە زانكۆكاندا نەبوو، ئیسماعیل شەریفزادە زانكۆ و كورسی بەجێ دەهێڵێت و ڕوو لە ڕیزەكانی پێشمەرگە و حیزبی دێموكرات دەكات.
شەهید ئیسماعیل شەریفزادە و هاوڕێیانی لە ساڵەکانی ٤٧ _١٣٤٦ی هەتاوی، بۆ ڕزگاریی نەتەوەی کورد دژ بە دەسەڵاتی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران دەستیان دایە خەباتی چەکداری و دوای ١٨ مانگ شەڕی قارەمانانە لە ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ شەهیدا کران.
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو ڕۆژەی وەک "ڕۆژی خوێندکاری کورد" دیاری کردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری بانه بۆ یاد و بەرزڕاگرتنی شەهیدانی "وێردی" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.