کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢٠ زانکۆ و ڕێکخراوی نادەوڵەتیی بەشی پەروەردەی باڵای ڕێژیمی ئێران داخران

11:37 - 1 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ١٢٠ زانکۆ و ڕێکخراوی نادەوڵەتیی بەشی پەروەردەی باڵای ڕێژیم داخراون، کە وەکوو سێبەر و لقی پەروەردەی باڵای ڕێژیم، خوێندکار وەر دەگرن.

مەنسوور غوڵامی، وەزیری زانست، لێکۆڵینەوە و فەناوەریی ڕێژیمی ئێران، یەکشەممە ٣٠ی بەفرانبار، ڕایگەیاند: ١٢٠ ڕێکخراوی نادەوڵەتیی سەر بە زانکۆوەکان، لە وەرگرتنی خوێندکار قەدەغە کراون و یان بەتەواوەتی داخراون.

ناوبراو لەم بارەوە وتوویەتی: لە کۆی ئەم ڕێکخراوانە هەفتایان لە وەرگرتنی خوێندکار قەدەغە کراون و پەنجاشیان بەتەواوەتی داخراون.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، لەم پێوەندییەدا وتوویەتی: سیاسەتی وەزارەتی زانست "هاندانی ئەم ڕێکخراوانە بۆ تێکەڵبوون" و "پێشگرتن بە داخستنیان" و لە پاڵ ئەمەش "گرنگیدان بە ئاست و چۆنایەتیـ"ـیانە.

ئەگەرچی ناوی هیچ کام لەم ڕێکخراوانە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ڕێژیم لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوودا، وەرگرتنی خوێندکاری لە لایەن زانستگەکانی سەر بە وەزراتخانەکانی خۆی قەدەغە کردووە.

کەرتی پەروەردە و بواری خوێندکاری لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا یەکێک لەو بەشانەیە کە حکوومەتەکان بە هەندەوە ئاوڕیان لێ دەدەنەوە و بەشێکی بەرچاو لە بوودجەی وڵات بۆ ئەم بەشە تەرخان دەکرێت، بەڵام لە سیستمی دواکەوتووی کۆماری ئیسلامیدا، بەشی پەروەردە و زانست بووەتە هۆکارێک بۆ دەوڵەمەندبوونی بەرپرسانی ڕێژیم، کە هاشمیی ڕەفسەنجانی سەرکۆماری پێشووی ڕێژیم و عەلی‌ئەکبەر وەلایەتی بەرچاوترینیانن، کە بە دانانی زانکۆی ئازاد بەشێک لە پرۆسەی تاڵانکردنی خەڵکیان جێبەجێ کرد.