کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆکانی شارەکانی سەرپێڵ زەهاو و سەلاس باوەجانی تا ئێستاش نۆژەن نەکراونەتەوە

10:32 - 1 سەرماوەز 2721

سەرۆکی زانکۆی پەیامی نووری کرماشان باسی لەوە کردووە کە زانکۆکانی سەرپێڵ زەهاو و سەلاسی باوەجانی دوای تێپەڕینی چوار ساڵ لە بومەلەرزە گەورەکەی کرماشان، هێشتاکە نۆژەن نەکراونەتەوە.

"بەهمەن سەعیدی پوور" سەرۆکی زانکۆی پەیامی نووری کرماشان لەمبارەوە وتوویەتی: "ساڵێک دوای کارەساتەکەی کرماشان، نۆژەنکردنەوەی ئەو دوو ناوەندە دەستی پێکرد، بەڵام زیاتر لە ٥٠ لەسەدی کارەکە تەواو نەبووە و لە دوو ساڵی ڕابردووەوە نۆژەنکردنەوەکە ڕاگیراوە".

ناوبراو زیادی کردووە: "هۆکاری ڕاگرتنی نۆژەنکردنەوەی ئەم دوو زانکۆیە، نەبوونی بودجەی پێویستە و دەبا سەرچاوەکانی بەڕێوەبەریی قەیرانی پارێزگاری دابینی کردبا، بەڵام تا ئێستا دابینیان نەکردووە".

لە ساڵی ٩٦ـەوە تا ئێستا کاروباری ئەو دوو زانکۆیە لە کانێکسدا بەڕێوە چووە و خوێندکاران لەژێر گوشارێکی زۆردا درێژە بە خوێندن دەدەن.

دوای تێپەڕینی چوار ساڵ لە کارەساتی بومەلەرزەکەی کرماشان، ڕێژیمی ئێران هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ ئەو پارێزگایە نەکردووە یان زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکان ناتەواو ماونەتەوە و تا ئێستاش زۆرێک لە بنەماڵە لێقەوماوەکان لە کانێکسدا دەژین.