کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆی ''تۆرێنتۆ'' لە ''کانادا'' کۆرسێک بۆ زمانی کوردی دەکاتەوە

12:18 - 14 خاکەلێوه 2720

کۆرسێک لەژێر ناوی ''پێناسەیەک بۆ زمان و ئەدەبی کوردی'' لە زانکۆی ''تۆرێنتۆ''ی کانادا لە بەشی شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی زانکۆی تۆرێنتۆ، دەکرێتەوە.

لەو کۆرسەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە گرنگی دەدرێت بە ''مێژووی زمانی کوردی''، ''هەمەچەشنی''، ''لقەکانی زمانی کوردی'' و کاریگەریی هەر یەک لە زمانەکانی عەرەبی، فارسی و تورکی لەسەر زمانی کوردی.

هەر لەو پەیوەندییەدا باس لەوە کراوە کە گرنگیی زۆریش دەدرێت بە ئەدەبی کوردی و پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی شێعری وەرگێڕدراوی کوردی بە زمانی ئینگلیزی.

هەروەها پەخشان و چیرۆکی کوردی لە کۆرسی زانکۆی تۆرێنتۆدا گرنگیی پێ دراوە.

هەروەها زانکۆی تۆرێنتۆی کانادا ڕایگەیاندووە، بڕیارە ئەو کۆرسە لە هاوینی ئەمساڵدا دەست بە کارەکانی خۆی بکات و بۆ ماوەی دوو مانگیش بەردەوام بێت.

زانکۆی تۆرێنتۆ یەکێک لە کۆنترین و ناودارترین زانکۆکانی ئامریکای باکوور و جیهانە کە ساڵی ١٨٢٧ی زایینی دامەزراوە و لە ئێستادا زیاتر لە ٦٠ هەزار خویندکار لەو زانکۆیەدا دەخوێنن.