کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆی پەیام نووری سەڵماس هەروا بێ بینا ماوەتەوە

16:16 - 4 بەفرانبار 2720

یەکێک لە کێشە لەمێژینەکانی شاری سەڵماس نەبوونی بینایەکی تایبەت بە زانکۆی پەیامی نوورە لەو شارەدا بووەتە هۆی کێشە و گرفتێکی زۆر بۆ خوێندکاران.

لە شاری سەڵماس سەر بە پارێزگای ورمێ هەتاکوو ئێستاش زانکۆی پەیام نوور لەو شارەدا بینایەکی تایبەت بە خۆی نییە و بۆ بەڕێوەبردنی پۆلەکان و هەروەها شوێنی مانەوەی خوێندکاران لە بینای زانکۆکانی دیکە یان لە بینا کۆنەکانی پەروەردە و بارهێنان کەڵک وەردەگرن.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە ئاستی خوێندکارێکی زانکۆدا نییە کە بۆ خوێندن ئاوارەی نێو کەلاوەکان بێت، هەڕەشەیەکە بۆ سەر گیان و تەندروستیشیان.

ئەم کێشەیە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی خوێندکاران و هەتا ئێستاش ئەو کێشەیە هەروا وەک خۆی ماوەتەوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە ساڵی ١٣٩٣ زیاتر لە یەک هێکتار زەوین بەخۆڕایی بە بەرپرسانی زانکۆی پەیام نوور لەو شارەدا درابوو و لە هەمان ساڵدا بەرپرسانی زانکۆ هەوڵیان دا بۆ دروستکردنی ئەو زانکۆیە.

ئەو پڕۆژەیە بە پێشبینیی ١ هەزار و ٨٣٠ میتری دووجاوە و لە ٣ نهۆمدا چووە قۆناغی بەڕێوەبردنەوە بەڵام ڕەوتی دروستکردنی ئەو پڕۆژەیە بە دانانی چوارچێوەکە لە ٣ نهۆمدا و بە تێچوویەکی زیاتر لە یەک میلیارد تمەنەوە بەهۆی کەمبوونی بودجە ڕاوەستا.

دواتر لە ساڵی ٩٦دا کاروباری بەڕێوەبردنی ئەو پڕۆژەیە دەستی پێ کردبووەوە و میچی نهۆمی یەکەم و دیوارکەشییەکەی دروست کرا بەڵام لە ئێستادا بۆ تەواوکردنی بینای فێرکاری و ئیدارییەکەی، زیاتر لە ٨ میلیارد تمەن پێویستە تا زانکۆی پەیامی نوور لەو شارەدا ببێتە خاوەن بینا.