کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"زانکۆی کوردستان" ناوی چووە ڕیزی یەکێک لە کاریگەرترین ناوەندە زانستییەکانی جیهان

11:48 - 12 جۆزەردان 2722

"یەدوڵڵا زارع زادە" بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتیی زانکۆی زانستیی پزیشکیی کوردستان وتوویەتی، بەپێی پێوەرەکانی "ESI"ی دامەزراوەی "کلاریۆیت ئانالیتیکس" (ISI)، "زانکۆی کوردستان" لە شاری سنە ناوی چووە ڕیزی یەکیک لە کاریگەرترین زانکۆ و ناوەندە توێژینەوەکانی جیهان.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە ئەو دامەزراوەیە هەر دوو مانگ جارێک بەڕۆژ دەکرێتەوە و ئەو زانکۆ و ناوەندە توێژینەوانەی کە لەبابەت بەڵگەی دەسکەوتوو لە ١٠ ساڵدا یەک لەسەد زیاتر پشتیان پێ دەبەسترێت، لە تەواوی ڕشتەکان و لە ٢٢ بواری تایبەتدا دەناسێنێت.

کاریگەرترین ناوەندە زانستییەکانی جیهان ئەوانەن کە بەرهەمە زانستی و بڵاوکراوەکانیان لەلایەن زۆربەی لێکۆڵەران و توێژەرانەوە جێگای باوەڕن و وەکوو سەرچاوە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.

سێ هەزار و ٢٨٠ خوێندکار لە ٤٣ ڕشتە و لە هەشت قۆناخی خوێندن و لە پێنج زانینگە لە زانکۆی کوردستان خەریک بە خوێندنن.

لە ئێستادا ٧٤ خوێندکاری بیانی لەو زانکۆیە و لە ڕشتە و قۆناخی جیاواز خەریک بە خوێندنن کە دەبێتە ٢ لەسەدی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە.