کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆەکانی ئێران خوێندنی ئەمساڵ بە قەیران دەست پێ دەکەن

12:47 - 26 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: زانکۆوەکانی ئێران لە کاتێکدا بەرەو ساڵی خوێندنی نوێ دەڕۆن، کە لەگەڵ کەمیی بوودجە بەرەوڕوون.

لە ڕاپۆرتی یەکێک لە هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیمدا هاتووە، لە کاتێکدا زانکۆوەکانی ئێران ساڵی خوێندنی ٩٧-٩٨ی هەتاوی، دەست پێ دەکەن، کە زۆرینەی زانکۆوەکان لە قەیرانی ئابووریدان و کێشەی کەمیی بوودجەیان چارەسەر نەکراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ٥٠ لەسەدی بوودجەی زانکۆوەکان ئەمساڵ دەبێت لە لایەن دەوڵەتەوە دابین بکرێت، کە هەتا ئێستە جێبەجی نەکراوە و لە لایەکی دیکەشەوە بوودجەی شەش مانگی یەکەمی ساڵ، لە نێو زانکۆوەکان دابین و دابەش نەکراوە.

سەرەڕای ئەوەی کە زانکۆوەکان بوودجەیان کەمە و دابین ناکرێت، گرانی لە بازاڕدا وای کردووە، کە دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن بۆ زانکۆوەکان ئەستەم بووە و تەنانەت دابینکردنی خواردنی خوێندکاران بۆ هەندێک لە زانکۆوەکان جێبەجی ناکرێت و ناتوانن شوێنی مانەوە بۆ خوێندکاران دابین بکەن.

بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی زانکۆوەکانی ئێران، لە بەرامبەر ئەو کەمتەرخەمییانە بە دەنگ هاتوون و نیگەرانیی خۆیان دەربڕێوە لە دابەزینی ئاستی خوێندن لە زانکۆوەکانی ئێران، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، کە لەگەڵ خوێندن و زانیاری بەتایبەت فەزای زانکۆ دژایەتیان هەیە، بە بەردەوامی کێشە و گرفت بۆ خوێندکاران دروست دەکەن.

نەبوونی فەزای فێربوون لە ئاستی نورماڵدا، خواربوونی ئاستی کتێبی زانکۆوەکان، نەبوونی مامۆستای پسپۆڕ و بەتایبەتی ئەمنییەتیکردنی فەزای زانکۆوەکان لە سیاسەتە سەرەکییەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە گەشەی زانستی خەڵک و هۆکاری کۆچی خوێندکارانە بۆ دەروەی وڵات، کە لە ئێراندا بە "هەڵهاتنی مێشکەکان" ناودێر کراوە.