کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانیاریی نهێنیی ٤٢ ملیۆن بەکارهێنەری تێلێگرام لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە

12:21 - 14 خاکەلێوه 2720

لە درێژەی هەوڵە سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەسەر دنیای مەجازی، ئەمجارە ڕێژی لە ڕێگای ئەپێکی ساختەی تێلێگرامی زانیاریی نهێنیی ٤٢ ملیۆن بەکارهێنەری تێلێگرامی بەدەست هێناوە و بڵاوی کردووەتەوە.

ئەو زانیارییانە لە ڕێگای ئەپێکی ساختەوە بەدەست هێنراوە و دواتر بڵاو کراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، تەنانەت کەسانێک کە لەو ئەپە ساختەش کەڵکیان وەرنەگرتووە، زانیارییەکانیان بڵاو کراوەتەوە.

ئەو زانیارییانە لە ئینتێرنێتدا بە ٥٠٠ دۆلار بە خەڵک دەفرۆشرێتەوە؛ تەنانەت سەرچاوەی ئەو شوێنەی کە ئەو زانیارییانەی تێدا دەفرۆشرێتەوە ئەپێکی ساختەیە.

ئەو زانیارییانەی کە ڕێژیمی ئێران بەدەستی هێناوە و دەیانفرۆشێتەوە بریتییە لە: "ئایدیی تێلێگرام، ناوی بەکارهێنەر، ژمارە تەلەفۆن و زانیاریی لەم چەشنە".

دەزگا و ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە هەوڵێکی دیکەدا بۆ سیخوڕیکردن لەسەر خەڵکی کوردستان و ئێران، بەردەوام لە ڕێگای دنیای مەجازییەوە، ئەپی ساختەی دروست کردووە و بڵاویان دەکاتەوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران نەتەنیا لە کاتی بارودۆخە قەیراناوییەکان و شەڕدا، بەڵکوو لە ڕێگاگەلێکی جیاوازەوە هەوڵی کۆنترۆڵ، فیلتێر و ڕاگرتنی هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدات و تەنانەت بە دانانی ئەپی سیخوڕی، خەڵک دەخاتە ژێر چاوەدێرییەوە