کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانیارییەکانی ڕێژیم بەنیسبەت هێرش بۆ سەر باڵاخانەیەکی ڕێکخراوی وزەی ناوکی پێک ناکۆکە

12:27 - 3 پووشپەڕ 2721

بەرپرسێکی ئەرتشی ڕێژیم لە بنکەی پەدافەندی هەوایی ئەرتش "هێرشی پەهبادی" بۆ سەر یەکێک لە بنکەکانی گرێدراو بە ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕەت کردەوە.

هەواڵدەرییەکی سەر بە رێژیمی ئێران لە زاری بەرپرسێکی ئەرتشەوە کە ئاماژەیەکی بە ناوەکەی نەکردووە ڕایگەیاندووە: "ئەو ڕووداوە بە هیچ شێوازێک هێرشی پەهبادی نەبووە".

ناوبراو وتوویەتی ئەو ڕووداوە،" بە ئەگەری زۆرەوە هەوڵێکی ئەمنییەتیی تێکدەرانە بووە و ئەو بابەتە پەیوەندییەکی بە بواری بەرپرسایەتیی بنکەی پەدافەندی هەوایی نییە".

ڕاگەیاندنە نێوخۆییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕ باسیان لە "هەوڵێکی تێکدەرانە" دژ بە یەکێک لە باڵاخانەکانی وزەی ناوکیی کرد.

وەدرۆخستنەوەی هێرشی پەهبادی لەحاڵێکدا بڵاو کرایەوە کە چەند کاتژمێر پێشتر یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو ئەو هەوڵە تێکدەرانە بڕیار بووە لە ڕێگای پەهبادێکی بچووکەوە ئەنجام بدرێت.