کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زاهیدان؛ ١٢ بەندکراوی بەلووچ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە دران

11:45 - 17 جۆزەردان 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی جۆزەردان، لە تاوانێکی گەورەدا، لەلایەن جەلادانی ڕێژیمی ئێرانەوە ١٢ بەندکراو کە یەکیان ژن  بووە لە بەندیخانەی ناوەندیی "زاهیدان" بەکۆمەڵ لەسێدارە دران.

پێش ئەو لەسێدارەدانە بەکۆمەڵە، سێ بەندکراوی دیکە لە ڕۆژەکانی ٧ و ٨ و ١٠ی جۆزەردان لە بەندیخانەی "دەستگرد"ی شاری "ئیسفەهان" و بەندکراوێکی دیکە لە "زەنجان" لەلایەن ئەو ڕێژیمە تێرۆریستییە لەسیدارە دراون.

لەو پەیوەندییەدا ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها یەکیەتیی ئورووپا، وڵاتانی ئەندامی بۆ مەحکوومکردنی ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران و هەوڵی خێرا بۆ ڕزگارکردنی گیانی هەزاران بەندکراو کە لەژێر هەڕەشەی لەسێدارەدان، بانگهێشت کردووە.

هەروەها داوایان کردووە کە دۆسیەی تاوان و سیستماتیکی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی ئەو ڕێژیمە بدرێت بە شورای ئەمنییەت.

ڕێژیمی تێرۆریستیی ئیران لە تۆڵەی ئەوەی کە ناتوانێت لە بەرامبەر خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێراندا ڕابووەستێت، پەرەی داوە بە ماشینی سەرکوت و لەسێدارەدان.