کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زبڵ، سیمای شارەکانی کوردستانی تێکداوە

12:18 - 13 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: پاشماوە و زبڵەکان، تەندروستیی هاووڵاتییانی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە و بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیمیش، هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە نادەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، پاشماوە و زبڵەکانی شاری ورمێ، بە هۆکاری کەمتەرخەمی و بایەخنەدانی شارەداریی ئەو شارەوە، لە چەند شوێندا کۆگا کراون، ئەمەش تەندروستیی دانیشووانی ئەو شارەی خستووەتە مەترسییەوە و بەم هۆیەشەوە خەڵکی ئەو شارە چەندین جار بە شێوەی جیاواز ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هێشتا هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەڵنەگرتووە.

هەروەها، لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکان، چەندین وێنە لە پارکی مکائیلی شاری مەهاباد بڵاو بووتەوە کە زبڵ و پاشماوەیەکی زۆر لەو شوێنەدا وەسەریەک نراوە و لە لایەن بەرپرسانی ئەو شارەوە هیچ هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی ئەم زبڵە نادرێت و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەم شارەی لێکەوتووتەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە کورتە ڤیدیۆیەکدا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، زبڵ و پاشماوەیەکی زۆر لە قەراخی بەنداوی مەهاباد فڕێ دراوە کە مەترسییەکی جیددیی بۆ سەر ئەم بەنداوەی دروست کردووە و لە لایەن بەرپرسانی ئەو شارەوە هیچ ئاوڕێکی لێ نادرێتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستاندا، خۆیان لە ئاست خاوێنکردنەوە و کۆکردنەوەی زبڵەکان بێخەم کردووە و بەم هۆیەوە، سیمای شارەکان تێک چووە و بۆنی زبڵەکان بووەتە هۆی نیگەرانی و ناڕەحەتیی خەڵک.