کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زبڵ، هەڕەشە لە ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییانی شاری ورمێ دەکات

13:53 - 28 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژانە ٥٠٠ تۆن زبڵ لە ورمێ بەرهەم دێت کە ئەمە مەترسیی بۆ تەندروستیی دانیشتووانی ناوچەکە، ژینگە و ئاژەڵانیش دروست کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی ٥٠٠ تۆن زبڵ لە ورمێ، هەڕەشە لە گیانی خەڵک و ژینگە و ئاژەڵان دەکات و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم لە بواری پاراستنی ژینگەشدا و هەروەها کەمتەرخەمیی شارەداریی ئەم شارە.

سەرۆکی ڕێکخراوی بەڕێوبەرایەتیی پاشماوەی شارەداریی ورمێ ڕایگەیاند: "ڕێژەی بەرهەمهێنانی زبڵ لە ورمێ، ٢.٥ قاتی ئاستی جیهانییە و هەروەها چیتر چاڵکردنی زبڵ لە ورمێدا وڵامدەر نییە".

ئەمانە لە کاتێکدایە کە ڕێژیم هیچ پلانێکی تری بۆ لەنێوبردنی ئەو زبڵانە نییە و بوونی پاشماوەکانی زبڵ، سیمایەکی ناشیرینی بە شار بەخشیوە و بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی دەعبا، کە ئەمە هەڕەشە لە تەندروستیی دانیشتووانی ئەم شارە دەکات.

ورمێ یەکێک لە گەورەشارەکانی ئێرانە و زیاتر لە ٧٥٠ هەزار دانیشتووی هەیە، بەڵام ڕێژەی کرێکارانی شارەداری لەم شارەیەدا لە ئاستێکی کەمدایە و بەرپرسانی ڕێژیم لەم بوارەدا هیچ هەوڵێکان نەداوە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی کۆبوونەوەی زبڵێکی زۆر لە دەوروبەری ئەم شارەدا.

ئێران یەکێک لە ١٠ وڵاتی یەکەم لە بواری بەرهەمهێنانی "نایلۆن" لە جیهاندایە، بەڵام ڕێژیمی ئێران بودجەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانەوەی پاشماوەی نایلۆن تەرخان ناکات.

کۆبوونەوەی ئەم زبڵانە لە شارەکانی ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی و پێنەدانی بودجەی پێویست لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران ساڵانە بودجەیەکی زۆر بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتانی وەک: "فەلستین و لوبنان و سووریە"، تەرخان دەکات.