کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زبڵی نەخۆشخانەکانی کرماشان بە شێوەیەکی نەگونجاو لەنێو دەبردرێن

12:15 - 7 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: پاشماوە پزیشکییەکانی پارێزگای کرماشان، بە شێوەیەکی ستاندارد لەنێو نابردرێن و ئەمەش بووەتە هەڕەشەیەک بۆسەر تەندروستیی خەڵکی ئەم پارێزگایە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی گەلاوێژ، "مێهرداد سالاری"، جێگری بەرپرسی هاوئاهەنگیی کاروبای ئاوەدانیی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان، لە دانیشتنێکدا، لەبارەی لەنێوبردنی زبڵەکانی پارێزگای کرماشانەوە وتی: "لەنێوبردنی پاشماوە پزیشکییەکان بە شێوەیەکی  ناستاندارد، کێشەگەلێکی زۆر جیددیی بۆ تەندروستیی کۆمەڵگای لێدەکەوێتەوە".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لەوە کردووە کە دەبێ پاشماوەی پشکنینی نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشكییەکاندا، بە شێوەیەک لەنێو ببردرێن کە هیچ زیانێک بەر ژینگە و خەڵک نەکەوێت و ئەگەر بێت و خاڵە ستانداردەکانیش ڕەچاو نەکرێت، ئەوا دەبێتە کێشەیەکی جیددی بۆ سەر ژینگە.

بۆ لەنێوبردنی زبڵ و پاشماوەی نەخۆشخانەکان، ڕێگاگەلی ستاندارد بوونی هەیە، کە زیانەکانی دەگەیەنێتە کەمترین ئاست، بەڵام وەک دەردەکەوێت لە پارێزگای کرماشاندا، ئەم زبڵانە بە شێوەیەکی ستاندارد لەنێو نابردرێن و بووەتە کێشەیەکی گەورە لە پاڵ کێشەکانی دیکەی ئەم پارێزگایەدا، بە شێوەیەک کە دەنگی بەرپرسانی خودی ئەم ڕێژیمەیشی بەرز کردووەتەوە و داوا دەکەن کە زبڵەکان بە شێوەیەکی ستاندارد لەنێو ببردرێن.