کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زبڵەکان سیمای شاری مەریوانیان تێک داوە

12:22 - 22 پووشپەڕ 2720

لە "مەریوان" بەهۆی کەمتەرخەمیی شارەداریی ئەو شارەوە زبڵەکانی سەر شەقام سەرەڕای تێکدانی سیمای شار، هەڕەشەیەکی جیددین بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییان.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چەند گەڕەک و شەقامێکی "مەریوان" زبڵێکی زۆر کۆ بووەتەوە و بەهۆی هاتنی وەرزی گەرما و پیس و ناپاقژبوونی هەوا، ژیانی خەڵکی ئەو گەڕەکانە کەوتووەتە مەترسییەوە.

گەڕەکەکانی "مەردۆخ"، "مەیدان تەڕەبار"، "شێخ شەڵتووت" و "پۆمپ بێنزینی قەدیم" و چەند گەڕەکێکی دیکە بەدەست ئەو کێشەوە دەناڵێنن.

 هەروەها فڕێدانی پاشماوەی کوشتارگای "مەریوان" لەسەر شەقامەکان دۆخێکی خراپ و کەشوهەوایەکی ناتەندروستی داوە بە سیمای شار کە تا ئێستا شارەداری لە ئاستی ئەو کێشەیەدا بێدەنگە و خۆی لە بەرپرسیایەتیی کۆکردنەوەی زبڵەکان دزیوەتەوە.

کێشەی زبڵەکانی "مەریوان" بۆ ماوەی چەند ساڵێکە بەرۆکی خەڵکی ئەو شارەی گرتووە و خەڵک لە دوای چەندین جار ناڕەزایەتی دەربڕین لەلایەن شارەداریی ئەو شارەوە هەنووکەش پلانێک بۆ کۆکردنەوە و شاردنەوەی ئەو زبڵانەی نییە.

شارەداریی "مەریوان" تا ئێستا جێگایەکی دیاریکراو یان کارگایەکی بۆ جیاکردنەوە یان دووبارە بەکار هێنانەوەی زبڵەکان نییە و ئەمەش هۆکاری سەرەکیی ئەو کێشە و گرفتانەیە کە ڕۆژانە بەرۆکی خەڵک دەگرێت و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.