کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زبڵەکانی شاری قروە، کێشەیان بۆ خەڵک ساز کردووە

10:51 - 21 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: خەڵکی قروە و چالاکانی ژینگەی ئەم شارە، لە هەمبەر کۆکردنەوەی زبڵەکان لە کەناری ڕووباری ئەم شارەدا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە؛ ئەوان خوازیاری دابینکردنی پێداویستییەکانی کارخانەی ڤەدیتنەوە (بازیافتـ)ـی زبڵەکانن.

لە شاری قروەدا کە ٩٤ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە، ڕۆژانە زۆرتر لە ٧٥ تۆن زبڵ لە خانووەکان، نەخۆشخانەکان و بینا نیوەچڵەکان بەرهەم دێت، کە ئەم زبڵانە بە هۆی نەبوونی کارخانەی ڤەدیتنەوە(بازیافت) و نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ کۆکردنەوە، لە ١٤ کیلۆمتری ئەم شارەدا و لە تەنیشت ڕووبارێکی ورزیی و هەروەها زەوییە کشتوکاڵییەکان و چەند گوندێکدا کۆ دەکرێتەوە.

جێگری خزمەتگوزارییە شارییەکانی شارەداریی قروە، لە وڵامی ناڕەزایەتی و داواکارییەکانی خەڵکی ئەم شارەدا وتوویەتی: چەند ساڵ لەمەوپیش، پێداویستییەکانی کارخانەیەکی ڤەدیتنەوە(بازیافتـ)ـی زبڵمان لە کۆمپانیایەکی ئاڵمانی کڕیوە، بەڵام تەنیا یەک دەزگای ماوە که دابینکردنی، پێویستی به ٦٠ میلیۆن بوودجە هەیە.

یەکێک لە وەرزێڕانی ئەم ناوچەیە لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی فارسدا، باسی لەوە کردووە کە زۆربوونی ئەم زبڵانه، لە دەوروبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانیدا، دەبێتە هۆی لەنێوچوونی بەرهەمەکانی زەوییەکەی و نە تەنیا هیچ قازانجێک لە بەرهەمەکانی ناکات، تووشی خەساریش دەبێت.

ئەم وەرزێڕە هەروەها وتوویەتی: ئەم ناوچەیە شوێنی گەشتیاری و شاخ و کێوی زۆری هەیە، ساڵانە بە هەزاران کەس دێن و سەردانی ئەم شوێنانە دەکەن کە هەر ئەمە بووەتە هۆی کۆچکردنی پێچەوانە لە شارەوە بۆ گوند، بەڵام بە هۆی بوونی زبڵ لەم ناوچەیەدا، دەرفەتی گەشەکردن و پێشکەوتن لەم ناوچەیەدا نامێنێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئەحمەد ئەنوەر، چالاکی ژینگەپارێزی لە قروە وتوویەتی: هەر بنەماڵەیەک ٣٠ کیلۆ زبڵ لە ڕۆژدا بەرهەم دێنێت کە هەندێک لەو زبڵانە تایبەتمەندی شیمیاییان هەیە و لە ژینگەشدا لە نێو ناچن، دواتر بارانبارین لەم شوێنەدا ئاوی ئەم زبڵانە دەباتە زێژ زەوی و لە ئاکامدا، بەرهەمە وەرزێڕییەکان ژەهراوی دەبن و تەندروستی خەڵکیش دەخەنە مەترسییەوە.

ئەم چالاکە هەروەها وتوویەتی: لەم ناوچەدا جۆرەکانی باڵندە و ئاژەڵگەلێک وەکوو قاز، کەروێشک، بزنه کێوی و جۆرەکانی تر دەژین، که ئەو زبڵانە لەسەر ژیانی ئەوانیش کاریگەری دەبێت و دەبێتە هۆی لە نێوچوونیان.

گوێنەدانی بەرپرسانی شارەداریی شاری قروە بەم بابەتە گرینگه، جگە لە وەرگرتنی دەرفەتە گەشتیارییەکان و پەرەسەندنی ئەم ناوچەیە، تووشبوونی خەڵکی ناوچەکە بە جۆرەکانی نەخۆشیشی بەدواوە دەبێت.