کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زبڵەکانی نێو شاری قوروە هەڕەشەی جیددین بۆ سەر تەندروستیی خەڵک

12:29 - 22 بانەمەڕ 2720

زبڵەکانی شاری قوروە بەهۆی کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو شارە و گوێنەدان بە تەندروستیی خەڵک، مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ژیانی خەڵک.

''خوسرەو عێزەتی''، بەرپرسی خەدەماتی شارەداریی شاری قوروە، شارەداری ئەو شارەی لە پێکهێنانی دۆخی نالەباری نێو شار بەنیسبەت زبڵ و خاشاکەوە، بێتاوان لەقەڵەم دا و ئەو کێشەیە دەخاتە ئەستۆی پەیمانکارەکان.

لە دوای زیندانیکرانی شارەداری پێشووی شاری قوروە بە تاوانی گەندەڵی لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، بارودۆخی نێو شاری قوروە کەوتووەتە دۆخی زۆر کارەساتبارتر و شورای ئەو شارەش بەنیسبەت ئەو بارودۆخە، هەروا کەمتەرخەمە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی قوروە ناڕەزایەتیی زۆریان هەبووە و چەند جار بەرپرسانیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵامێکیان لەلایەن شارەداری و شورای ئەو شارەوە پێ نەدراوەتەوە. 

لە هەموو شارەکانی ئێران بەگشتی و شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، شارەدارییەکان هیچ مێکانیزمێکی گونجاویان بۆ کۆکردنەوەی زبڵی شارەکان نییە و لە زۆربەی شارەکاندا ئەو قەیرانە بوونی هەیە و تا ئێستا نەتواندراوە ئەو کێشەیە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک چارەسەر بکرێت.